گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ڕۆژانە هەمان شت بەرامبەر بە ڕەشپێستەکانى ئەمریکا دەکرێت ’

برایەکی جۆرج فلۆید داوای بەهاناوەچوون لە نەتەوەیکگرتووەکان دەکات

2020.06.18 - 13:28
برایەکی جۆرج فلۆید داوای بەهاناوەچوون لە نەتەوەیکگرتووەکان دەکات

ناس کورد-

برایەکی جۆرج فلۆید، ئەو پیاوە ڕەشپیستەى کە لەلایەن پۆلیسى ئەمریکاوە کوژرا،  داوا لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هاوکاریی هاووڵاتییە ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بکات و لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵێنەوە لە توندوتیژییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە، پێکبهێنێت. 

 

 

 

 

 فیلۆنیز فلۆید، لە نامەیەکی توندئامێزدا دەربارەی مامەڵەی "نامرۆڤانە"ی پۆلیسی ئەمریکا کە لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆیەکدا لە دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان پەخشکرا وتی "لەوانەیە من بومایە".

 

 وتیشی: "من پارێزەری مافی ئەو  برایەمم کە لەسەر دەستی ئەو پۆلیسە کوژرا لە شاری میناپۆلیس".

 

 براکەی فلۆید، لە نامەکەیدا دەڵێت : "ئێوە پارێزەری خوشک و براکانتانن لە ئەمریکا، توانای ئەوەتان هەیە بێن بەهانامانەوە بۆ ئەوەی بتوانین دادپەروەری بۆ براکەم بەدەستبهێنین، داوای یارمەتیتان لێدەکەم".

 

فلۆید، داواشیکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی هاووڵاتییە ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بدەن و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش دەربارەی کوشتنی هاووڵاتیانی ڕەشپێست لەو وڵاتە لەسەر دەستی پۆلیس و توندوتیژییەکانیان دژ بەخۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان پێکبهێنن". 

 

 فلۆید لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "پۆلیسی ئەمریکا  لەڕێگەی بۆمبی فرمێسکڕێژ و شێلان بە ئۆتۆمبێل هەوڵیانداوە دەنگی زوڵاڵی خۆپیشاندەرانی ئەمریکا کپبکەنەوە".

 

 ئاماژەى بەوەشکردووە، چەندین هاووڵاتی ئەمریکی لە خۆپیشاندانەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی گولەی پلاستیکی لەلایەن پۆلیسەوە چاویان لەدەستداوە و توشی هەوکردنی مێشک بوون.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەموو ڕەشپێستەکانی ئەمریکا لەلایەن پۆلیسەوە بەهەمان ئەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە لە چاوی کامێرەکانەوە بینیتان کە چۆن براکەمیان کوشت".

 

لەئێستادا تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی فلۆید (دێرک شۆڤین)ە، کە لەلایەن دادگاوە تاوانی کوشتنی پلە دووی خراوەتە پاڵ، شۆڤین لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا کە ماوەی 8 خولەکە دەردەکەوێت بە توندی ئەژنۆی خستوەتە سەرملی فلۆید بەبێ ئەوەی گوێبدات بە هاوارەکانی کە دەڵێت: "خنکام ناتوانم چیدی هەناسە بدەم".  

 

گرتە ڤیدیۆیەکەی ساتەوەختی ڕووداوی کوشتی جۆرج فڵۆید کە لەلایەن کچێکی هەرزەکارەوە تۆمارکرا بوو بە هۆکاری پریشکی هەڵگیرسانی شەپۆلی توڕەییەکانی گەلی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان دژ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی.