ناس کورد-
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند "پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا لە ئاستێکى باشدایە و لێکتێگەیشتنێکى باش هەیە لەزۆربەى بابەتەکان".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى وت "لەئێستادا لەنێوان هەرێم و بەغدا تێگەیشتنێکى زۆر باش و متمانەیەکى زۆر زۆر باش هەیە کە ئەمەش لەم قۆناغەدا شتێکى گرنگە و لە نەتیجەدا هەرێمى کوردستان بەشێکە لە عێراق".
وتیشى "حکومەتى هەرێم لە هەموو کات زیاتر نییەتى باشى بەرامبەر بەغدا نیشانداوە و لەو سەردانانەى کە کراوون ئەو نیەتە باشە نیشاندراوە و بەهۆى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراقەوە دانوستاندن و گفتوگۆکان دواکەوتبوون".
لەبارەى سەردانى شاندەکەى بەغدا کە لەکۆبوونەوەکەى دوێنێى ئەنجومەنى وەزیراندا بڕیارى لەسەردرا، ئایدن مەعروف رونیکردەوە ، وەفدەکەى هەرێم دیار نییە کەى دەچێتەوە بەغدا بەڵام بڕیارە لە کاتێکى نزیکدا بچنەوە بەغدا و پێدەچێت هەر هەمان وەفدى پێشوو بێت.
وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان ئاماژەى بەوە کرد کە هەرێم و بەغدا هەردوولا ئامادەکارییان کردووە بۆ رێککەوتن و هەرێمیش بەو نیازە دەچێتە بەغدا کە واژۆ لەسەر رێککەوتن بکرێت و لەو بارەیەوە گەشبینن.
سەبارەت بە پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمیش، ئایدن مەعروف جەختى کردەوە "حکومەتى هەرێمى کوردستان یەکێک لە پێشینەى کارەکانى سەرخستنى پڕۆسەى چاکسازییە و دابینکردنى مووچەش خەمى حکومەتە و هەوڵى تەواوەتى خۆى بۆ دەدات".
رەتیشیکردەوە لە کۆبوونەوەى دوێنێى ئەنجومەنى وەزیراندا باس لە بڕینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کرابێت و وتى "حکومەتى هەرێم نیازى ئەوەى نییە دەست بۆ مووچەى فەرمانبەران ببات".