ناس کورد-
سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، جارێكی دیكە دەرگای چالاكییە ئابوریی و بازرگانییەكانی وڵاتەكەی بەهۆى كۆرۆناوە داناخات، ئەوەش لەكاتێكدایە لەچەند ویلایەتێكی ئەو وڵاتە ڕێژەی توشبوون و گیانلەدەستدان بەڤایرۆسەكە لەبەرزبونەوەدایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەچاوپێكەوتنێکیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوزی وڵاتەكەی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەى بەوە کرد، جارێكی تر وڵات بەهۆی كۆرۆناوە داناخەن و ناچاریش نین ئەوە بكەن.
پێشتریش هەریەكە لە لاری كەدلۆ ڕاوێژكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئابوری و ستێڤن منۆچین وەزیری خەزێنەی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چالاكییە ئابورییەكانی ڕاناگرێت.
لەمانگی ئادارەوە وەک خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا چێشتخانە و یاریگا و قوتابخانەكان و چەندین ناوەندی دیكە لە ئەمریکا داخراون و بەهۆى ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا 2 ملیۆن و 16 هەزار کەس توشى ڤایرۆسەکە بوون و نزیكەی 118 هەزار توشبووش گیانیانلەدەستداوە.
هەفتەی ڕابردووش 10 ویلایەتی ئەمریكا هەوڵێكی زیاتریان خستە گەڕ بۆ دابەزاندنی ئاستی توشبوو كە ماوەیەكە بەرزبووەتەوە و لەمیانەشدا ترسی ئەوە هەبوو لەگەڵ دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئابورییەكاندا شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا دەستپێبكاتەوە.