گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زۆرترین توشبوو لە شارە کوردییەکانن

 ژمارەی توشبوون و مردن بە پەتای کۆرۆنا لە ئێران گەیشتوەتە ئاستێکی ترسناک

2020.06.17 - 17:06
 ژمارەی توشبوون و مردن بە پەتای کۆرۆنا لە ئێران گەیشتوەتە ئاستێکی ترسناک

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا دوو هەزار و 612 توشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە و 120 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە و ئاماژە بەوەشکراوە، شارەکانی کوردستانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی ئەو شوێنانەدا پۆڵێن کراون کە زۆرترین توشبووی پەتاکەی تێدایە.

 

 ئەمڕۆ (چوارشەممە،17ى حوزەیرانی 2020) وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کەتێیدا هاتووە،" لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا  دوو هەزار و 612 توشبووی نوێی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراون، بەوەش ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسەکە گەیشتوەتە 195 هەزار و 51 کەس".

 

وەزارەتی تەندروستی ئێران لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە " لە ماوەی ئەو 24 کاتژمێردا  120 کەس بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە و کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردون گەیشتوەتە نۆ هەزار و 185 کەس".

 

ڕاگەیاندراوەکە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو،  " 155 هەزار و 812 توشبوو لە ئێران نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، دوو هەزار و 789 کەسیش دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕدان ".

 

 وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، "هەرێمەکانی خوزستان، ئازەربایجانى خۆرهەڵات، خۆراسان، کرماشان، هورمزگان و کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی تەندروستی ئەو وڵاتە لە بارەی دۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە بە ناوچەیەکی مەترسیدار پۆڵێن کراون".

 

 ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ (سێشەممە) ئیرەج حەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: "لەئێستادا تێکرای مردنی ڕۆژانە بە ڤایرۆسەکە لە ئێران زۆر زیاترە لە تێکڕای ئەو کەسانەی کە لە ڕابردوودا ڕۆژانە لە جەنگی نێوان ئێران وعێراقدا دەکوژران".

 

ئاماژەی بەوەکردووە: "بەدرێژایی جەنگی نێوان ئێران و عێراق تێکڕا ڕۆژانە 66 سەربازی ئێرانی کوژراون، بەڵام لە ئێستادا و لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێکڕا ڕۆژانە زیاتر لە 100 هاووڵاتی ئێرانی بەڤایرۆسی کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن".