گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’یەک هەفتەیە کۆرۆنا هەیە بۆچی لە ئێستادا پشووە؟’’

لەدوای ناڕەزایەتییەکان.. هاتوچۆی سلێمانی پشووی ڕاگەیاند و وتەبێژەکەشی سەری سوڕماوە و قسەى جیاوازی هەیە

2020.06.17 - 15:13
لەدوای ناڕەزایەتییەکان.. هاتوچۆی سلێمانی پشووی ڕاگەیاند و وتەبێژەکەشی سەری سوڕماوە و قسەى جیاوازی هەیە

ناس کورد-

لەدوای دوو ڕۆژ بایکۆتی دەوام لەلایەن پۆلیس و کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی و دواتر داخستنی دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکە وەک ناڕەزایەتییەک، بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری دا "بەهۆی بوونی حاڵەتی کۆرۆنا لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە" سبەینێ پێنجشەممەى بکاتە پشوو. 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2020، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندان و هاوڵاتیان بەهۆی بوونی چەند حاڵەتێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی سبەی پێنجشەممە پشووی فەرمی دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی."

بەڵام دوای بڕیارەکە، کاروان سدیق، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "جێگەى سەرسوڕمانە ماوەى هەفتەیەک زیاترە حاڵەتی پۆزەتیڤ لەناو هاتووچۆ تۆمار کراوە بەڵام ئەمڕۆ بڕیار درا کە سبەینێ پشوی فەرمییە."

 

قسەکانی وتەبێژەکەى بەڕێوەبەرایەتی وا دەخوێنرێتەوە کە ڕاگەیاندنی پشووەکە بەهۆی بوونی حاڵەتی پۆزەتیڤی کۆرۆناوە نەبووە، بەڵکو هۆکاری تری هەیە.

 

ناس کورد پەیوەندی بە کاروان سدیقەوە کرد، بەڵام ناوبراو ڕەتی کردەوە قسەى زیاتر لەسەر بابەتەکە بکات و وتی، "مەبەستەکەم ڕوونە و دیارە بۆچی وام وتووە."

 

وتیشی، "ماوەی هەفتەیەکە من بیستوومە کە حاڵەتی پۆزەتیڤ هەیە لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە، جێگەی پرسیارە ئێستا پشوو ڕادەگەیەنرێت،" واتە دوای بایکۆتی پۆلیس و کارمەندانی هاتوچۆ.

 

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمرۆ کارمەندانى ناڕازیی هاتوچۆ لە سلێمانى بایکۆتى دەوامیان دەستپێکردەوە کە لەدوێنێ سێشەممەوە بەهۆى پێنەدانى موچەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دەستیان پێکردووە.  

  

پەیامنێرى ناس کورد ڕایگەیاند، کارمەندەکان لە بەردەم بەردەرکى سەراى سلێمانى گردبوونەتەوە و بایکۆتى دەوامیان کردووە و بەرەو بەردەم بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆ بەڕێکەوتوون.  

  

چەند کارمەندێکى هاتوچۆ بەناس کوردیان ڕاگەیاند، دەیانەوێت دەرگاى هاتوچۆى سلێمانى دابخەن و نەهێڵن هیچ مامەڵەیەک رایبکرێت تا وەڵامى داواکارییەکانیان دەدرێتەوە و موچەیان پێدەدرێت.  

  

بایکۆتى کارمەندانى هاتوچۆ لەسلێمانى هاوکاتە لەگەڵ بایکۆتى دەوام لەلایەن کارمەندانى تەندروستییەوە لە نەخۆشخانە حکومییەکان، دژى دواکەوتنى دابەشکردنى موچە.