گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى جیهانى هەڵوێستى خۆى لەبارەى چارەسەرەکەى بەریتانیا بۆ کۆرۆنا ڕاگەیاند

2020.06.17 - 13:42
تەندروستى جیهانى هەڵوێستى خۆى لەبارەى چارەسەرەکەى بەریتانیا بۆ کۆرۆنا ڕاگەیاند

 

ناس کورد-

 

رێکخراوى تەندروستى جیهانى، بەکارهێنانى دەرمانێک بۆ توشبووانى کۆرۆنا لەبەریتانیا بە "دۆزینەوەیەکى زانستى" دادەنێت بۆ رزگارکردنى گیانى توشبووان.

 

 

تیدروس ئدهانوم بەڕێوەبەرى گشتى رێکخراوەکە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "یەکەم چارەسەرى سەلمێنراو دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى حاڵەتەکانى گیان لەدەستدان لەریزى توشبووانى کۆرۆنا".

 

وتیشى "ئەوە هەواڵێکى خۆشە و پیرۆزبایی لە حکومەتى بەریتانیا و زانکۆى ئۆکسفۆرد و نەخۆشخانەکان و توشبووان دەکەین لەبەریتانیا کە بوونە هۆى سەرکەوتنى ئەو دۆزینەوە زانستییە".

 

دوێنێ زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی ڕایانگەیاند، دەرمانێکی هەرزان کە لە بازاڕەکاندا بە ڕێژەیەکی زۆر بوونی هەیە دەتوانێت گیانی ئەو توشبووانەى کۆرۆنا ڕزگار بکات کە باری تەندروستییان جێگیر نییە و نیشانەی قورسیان هەیە.  

  

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی لە زاری شارەزایانی زانکۆکە کە سەرقاڵی توێژینەوەکە بوون، دەرمانی دێکسامێساسۆن دەبێتە پێشهاتێکی مەزن لە ڕوبەڕوبوونەوە و شەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای کوشندە.  

  

دەرمانی دێکسامێساسۆن یەکێکە لەو دەرمانانەى کە چوونەتە پێشبڕکێی جیهانی بۆئەوەى بزانرێت ئاخۆ چارەسەرە بۆ کۆرۆنا یاخود نا.  

 

بەپێی لێکۆڵینەوەى شارەزایان، ئەو دەرمانە دەتوانێت سێ یەکی ئەو نەخۆشانە ڕزگار بکات کە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە، هەروەها پێنج یەکی ئەو کەسانە ڕزگار دەکات کە تەنها پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە.  

  

توێژەرەوانی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێن، ئەگەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو دەرمانە بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا بەکاربهێنرایە، ئەوە تاوەکو ئەمڕۆ پێنج هەزار کەس لە مردن ڕزگار دەکرد.  

  

دەرمانەکە ئەوەندە زۆر و هەرزانە کە وڵاتانی هەژاریش دەتوانن بە ئاسانی دەستی بخەن و بەکاریبهێنن بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا.  

  

زانایان دەشڵێن، لە 20 توشبوی کۆرۆنا نزیکەى 19 کەسیان چاکدەبنەوە بەبێ ئەوەى سەردانی نەخۆشخانەش بکەن، ئەوانەشی کە دەچنە نەخۆشخانەکانیش چاک دەبنەوە بەڵام هەندێکی کەمیان پێویستیان بە ئۆکسجین و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە، ئەوە ئەو کەسانەن کە پێویستییان بە دەرمانی دێکسامێساسۆن هەیە بۆ ڕزگاربوونیان.  

  

پێشتر دەرمانەکە بۆ کەمکردنەوەى هەوکردن بەکارهاتووە، ئێستا دەرکەوتووە کە دەتوانێت ئەو زیانە کەمبکاتەوە کە کۆرۆنا لەسەر سیستمی بەرگریی لەشی توشبوو هەیەتی.  

  

لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا کە تیمێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد ئەنجامیان داوە، دەرمانی دێکسامێساسۆن دراوە بە دوو هەزار توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا، بەراوردی ئەنجامەکەى کراوە لەگەڵ چوار هەزار توشبووی تر کە ئەو دەرمانەیان وەرنەگرتووە.  

  

لە ئەنجامدا، دەرمانەکە 28 بۆ 40%ی مەترسی مردنی ئەو نەخۆشانەى کەمکردووەتەوە کە لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکردن، ئەو نەخۆشانەشی کە تەنها پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە، 20 بۆ 25% مەترسی مردنیان کەمبووەتەوە.  

  

پرۆفیسۆر پیتەر هۆربی، گەورە لێکۆڵکاری تیمەکە دەڵێت، "ئەوە تەنها دەرمانێکە کە ئاست و مەترسی گیانلەدەستدان کەمبکاتەوە، زۆر بە باشیش دەیکات، ئەوە بەرەوپێشچوونێکی گەورەیە."  

  

هاوکات پرۆفیسۆر مارتن لاندری توێژەر لە تیمەکە دەڵێت، دەرمانەکە لە هەر هەشت نەخۆشێک کە لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکردن یەکێکیان ڕزگار دەکات. بۆ ئەوانەشی کە تەنها پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە، لە هەر 20 بۆ 25 نەخۆشێک ژیانی کەسێک ڕزگار دەکرێت.  

  

دەشڵێت، "سودێکی زۆر ئاشکرای هەیە، چارەسەرەکە بە دەرمانی دێکسامێساسۆن 10 ڕۆژی دەوێت و هەر دەرمانێک تەنها پێنج پاوەندی تێ دەچێت، واتە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک پێویستی بە 35 پاوەند هەیە، ئەو دەرمانە لە هەموو جیهانیشدا بەردەستە."  

  

پرۆفیسۆر مارتن لاندری هانی نەخۆشخانەکانی جیهان دەدات بەزووی ئەو دەرمانە بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکاربهێنن، "بەڵام نابێت خەڵک خۆی بیکڕێت و لە ماڵەوە بەکاری بهێنێت بەبێ ڕاوێژی پزیشک."  

  

هەر بەپێی توێژینەوەکە، دەرمانەکە هێشتا بۆ ئەو کەسانە بەکارنەهێنراوە کە نیشانەی سوک یان هیچیان نییە، بۆیە نابێت ئەو کەسانە بەکاری بهێنن.  

  

توێژینەوەى ئەو تیمەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە مانگی ئازارەوە دەستی پێکردووە، تاقیکردنەوە لەسەر چەند دەرمانێک کراوە و دەرمانی دێکسامێساسۆن باشترینیانە.