ناس کورد-
دوای ئەوەى ئەمڕۆ 38 تووشبووی تری كۆرۆنا له هەولێر چاکبوونەوە، ڕێژەى ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان پەڕاندووە لە هەرێم گەیشتووەتە هەزار و 36 کەس، واتە نزیکەى نیوەی توشبووان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر دەڵێت: "ئەو 38 توشبووە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستییان تەواو جێگیرە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "پشکنینی تایبەتی یەك لەدوای یەك بۆ ئهو کەسانە کراوە و ئهنجامهكان نێگهتیڤ دهرچوون، بۆیه بڕیار درا بنێردرێنەوە ماڵەوە".
بەپێی دواین ئامار، دوو هەزار و 473 توشبووی کۆرۆنا لە هەرێم هەن، لەو ژمارەیەش هەزار و 36 کەسیان چاکبوونەتەوە و نەخۆشییەکەیان پەڕاندووە کە دەکاتە 48%ی توشبووان.
ئەگەر تەماشای ژمارەى چاکبووەکان بکەین بەپێی پارێزگاکان، زۆرترین ژمارە لە سلێمانی تۆمارکراوە کە 619 کەسە، لە هەولێر 316 کەس، لە دهۆک 79 کەس و لە هەڵەبجەش 22 کەس چاکبوونەتەوە.
بەڵام ئەوەى جێگەی نیگەرانی بەرپرسانی تەندروستییە، بەرزبوونەوەى ڕێژەى مردنە بە ڤایرۆسەکە کە گەیشتووەتە 54 حاڵەت لە سەرانسەری هەرێم.