گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’شکۆ بۆ دەوڵەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە’

ڕۆژنامەیەک: کازمی لە ئایندەدا هەموو پەتەکانی دەسەڵات دەگرێتە دەست 

2020.06.16 - 14:57
ڕۆژنامەیەک: کازمی لە ئایندەدا هەموو  پەتەکانی دەسەڵات دەگرێتە دەست 

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی عەرەبی بڵاویکردەوە، فەرماندە سەربازییەکانی عێراق توانیویانە بەڵگە لەسەر ناسنامەی ئەو لایەنانەیان دەستبکەوێت کە بەرپرسیارن لە هێرشکردنە سەر بەرژەوندییەکانی ئەمریکا لەعێراق، هاوکات سیاسەتمەدارێکی عێراق پێیوایە کازمی لە ماوەی داهاتوودا هەموو پەتەکان دەگرێتە دەست و شکۆی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە.  

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، فەرماندە سەربازییەکانی عێراق لە ئێستادا چەندین بەڵگەیان لەبەردەستدایە کە لەڕێگەیەوە دەتوانن بگەن بە ناسنامەی ئەو لایەنانەی کە دەستیان هەیە لە هێرشکردنە سەر بەرژەوندییەکانی ئەمریکا لەعێراق.

 

 بەگوێرەى راپۆرتى ڕۆژنامەکە، لایەنی سەربازی عێراق لە ئێستادا کۆمەڵێک زانیاری لا گەڵاڵە بووە کە دەتوانرێت ناسنامەی ئەو لایەنانە ئاشکرا بکات کە لە ماوەى ڕابردوودا  و لە پێش ئەنجامدانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا وعێراق تەنانەت پاش گفتۆگۆکانیش هێرشی موشەکیان کردوەتە سەر باڵوێزخانە و سەربازگەکانی ئەمریکا لە عێراق".

 

ڕاپۆرتەکەی شەرقولئەوسەت ئەوەی خستوەتەڕوو، لایەنە سەربازییەکانی عێراق  ڕایانگەیاندووە "ئەو لایەنانەی کە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەیانەوێت (کارتەکان تێکەڵ بەیەک بکەن) و هیچ خێر و بێرێکیان بۆ عێراق ناوێت".

 

ئاماژە بەوەشکراوە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە ڕایگەیاندراوێکدا بڵاوى کردۆتەوە "هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە لە ناوچەی ڕاشدییە لە دەوروبەری شاری بەغدا ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری موشەکی کاتیۆشا کە ئامادە کرابوو بۆ هێرشکردنە سەر سەربازگەیەکی ئەمریکا دەستی بەسەردا بگرن، کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق یەکەم بەڵگەیان لەسەر ناسنامەی ئەو لایەنانە دەستبکەوێت کە بە نیاز بوون سەربازگە ئەمریکییەکە موشەک باران بکەن".

 

بەگوێرەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت پاش ڕووداوەکە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا فەرمانی کردووە چیدی فەرماندە سەربازییەکان و ئەمنییەکانی عێراق لێدوان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەدەن  بۆ لەمەودواش وتاری ئەمنیی وسەربازی یەک وتار بێت ئەوەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە شڵەژان وهەرای ڕاگەیاندنەکان. 

 

 هاوکات حەیدەر مولا، سیاسەتمەدارى عێراقی لەو بارەیەوە  بە ڕۆژنامەکەى وتووە : " پڕۆسەی سیاسی عێراق گەیشتووەتە ڕێگایەکی داخراو، بۆیە لە ئێستادا پێویست بەوە دەکات چارەسەری بێ هاوتا بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو داخرانەی کە لەپڕۆسەی سیاسی عێراقدا دروست بووە".

 

 مولا، راشیگەیاندووە: "کازمی لە ئێستادا دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە سەرکردایەتی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا وگەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتی عێراقی".

 

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە، ڕوونیشکردوەتەوە :" گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت تەنها لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەوڵەت ناکرێت، بەڵکو چەندین ڕێگەی تر هەیە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت وەک کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان، ڕێزگرتنی هاووڵاتی لە فەرمانگە خزمەتگوزراییەکان و پێدانی کرێی وباجەکانی حکومەت لە بەرامبەریشدا ڕێزگرتنی دەوڵەت لە مافەکانی هاووڵاتیان".

 

 مولا، ئەوەشی خستوەتەڕوو: " کازمی لە ئێستادا دەیەوێت لە ژێر هەژموونی لایەنی ناوخۆیی، هەڕێمایەتی و نێودەوڵەتی  ڕزگاری بێت بۆ ئەوەی بتوانێت  ئاڕاستەی گفتوگۆی ستراتیژی بەرەو لۆژێکی دەوڵەتبوون ببات و دووری بخاتەوە لە گۆشەی دەسەڵات".

 

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە دەشڵێت : " کازمی لە ئێستادا بەکرداریی هەنگاو دەنێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، بۆیە بەجدی کاردەکات بۆ پتەوکردنی سیستمی ئەمنی وڵات ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی کایەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق،  سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا ، وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای دەژە تیرۆری عێراق".