گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە دوو ڕۆژدا 50 کەس بەهۆی کۆرۆناوە مردوون

پسپۆرێکی عێراقی پێشنیازی ستراتیژێک دەکات بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى مردن بە کۆرۆنا

2020.06.15 - 22:32
پسپۆرێکی عێراقی پێشنیازی ستراتیژێک دەکات بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى مردن بە کۆرۆنا

ناس کورد-

پسپۆرێکی عێراقی بواری زانستی نەخۆشییە گوازراوەکان داوای لە دەسەڵاتی تەندروستی عێراق کرد ستراتیژێکی تر بەکاربهێنن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی ژمارەی مردووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەرێگەى پاراستنی گیانی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵیدایە.

 

جەواد دیوان، مامۆستای زانستی نەخۆشییە گوازراوەکان لە کۆڵیجی پزیشکی زانکۆی بەغدا دەڵێت،  "هەرچەند ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق زیاد بکات، بەڵام ژمارەکان لە چوارچێوەی پێشبینکراودا نایەتەدەرەوە، چونکە هۆکاری توشبوونەکە تەنها گواستنەوەی نێوان کەسەکانە".

 

دەشڵێت، "ماوەی دوو ڕۆژە ژمارەی مردن بە پەتاکە لەعێراق دەگاتە نزیکەی 50 حاڵەت، بۆ ڕێگریکردنیش لەهەڵکشانی زیاتر دەبێت گرنگی بەو کەسانە بدرێت کە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵیدایە".

 

بەبڕوای ئەو پزیشکە عێراقییە، کۆمەڵگای عێراقی کۆمەڵگایەکی گەنجە، چونکە لە 52%ى پێکهاتەکەی لە گەنج پێکهاتووە کە تەمەنیان لەخوار 25 ساڵیدایە، ئەوەش وادەکات کەمتر دوچاری مەترسی مردن ببنەوە بە پەتاکە. 

 

پزیشکە پسپۆرەکەی زانستی نەخۆشییەگوازراوەکان زانکۆی بەغدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ناوچە جەنجاڵە میلییەکاندا ناتوانرێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکرێن، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە تەندروستییەکان گرنگی بە پاراستنی ژیانی ئەو کەسانە بدەن کە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوەیە".

 

ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، "زۆربەی ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵیدایە سیستمی بەرگریی لەشیان لاوازە ئەوەش بەهۆی کە زۆربەیان چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەردەگرن کە ماددەی (کۆرتیزۆن)ی تێدایە".

 

پسپۆرە عێراقییەکەی زانستی نەخۆشییە گوازراوەکان زانکۆی بەغدا، داواشی لە دەسەڵاتی تەندروستی عێراق کردووە بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و هێمنانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن نەک بە شێوازی شڵەژانە و ڕاچەڵەکان، "لە ئێستادا ژێرخانی تەندروستی عێراق بەهۆی زۆربوونی توشبووان بە نەخۆشییەکە و گیرۆدەبوونی  بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی عێراق بە پەتاکە (سواو بووە)، بۆیە دەبێت بەزووترین کات توشبووانی پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا ولە نەخۆشە ئاساییەکانی تردا جیابکرێنەوە".    

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ( یەکشەممە) فەلاح ساعدی، شارەزایەکی پێشووی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سور ڕاگەیاندبوو "خاوی تیمە تەندروستییەکانی عێراق لە وەرگرتنی نمونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی مەیدانی کارەساتێکی گەورە دروستکردووە".

 

باسى لەوەشکردبوو، "ئەگەر لەڕۆژانی داهاتوودا زیاترلە 50 هەزار پشکنینی میدانی ئەنجام نەدرێت ئەوا سیستمی تەندروستی عێراق توشی داروخان دەبێت".

 

ئەو شارەزا عێراقییە بەراوردێکی لەنێوان وڵاتی ئیمارات و عێراقدا کردوە سەبارەت بەپرسی گەڕانی میدانی تیمە تەندروستیەکان بەدوای توشبووانی ڤایرۆسەکە  و ئاماژەی بەوەکردووە  "هەرچەند وڵاتی ئیمارات بەروارد بەعێراق لەڕووی ژمارەی دانیشتوانە جیاوازییەکی زۆر هەیە، بەڵام توانیویەتی تەنها لەمانگی ڕابردوودا ملیۆنێک نمونەی خوێن بە شێوەیەکی میدانی لەهاووڵاتیانی وڵاتەکەی و بیانییە نیشتجێکانی وەربگرێت ئەوەش وایکردووە لە ماوەیەکی کەمدا گەمارۆی ژمارەی  توشبووان بە پەتاکە بدات کە هەرچەندە زۆریشە".

 

ساعدی ڕوونیکردوەتەوە، "تیم تەندروستییەکانی عێراق هەرلەو ماوەیەی کە وڵاتی ئیمارات تێیدا ملیۆنێک نمونەی خوێنی وەرگرتووە، عێراق توانیویەتی تەنها 80 هەزار پشکنین ئەنجامبدات، ئەوەش وایکردووە دۆخی تەندروستی عێراق بەرەوە ئاقارێکی خراپدا گوزەر بکات".

 

لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرونا لەعێراقدا 21 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و 652 کەسیش بە پەتاکە مردوون، وەزارەتی تەندروستی عێراقیش هەڵکشانی ژمارەی توشبوون بە پەتاکە دەگرێنێتەوە بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە ڕێکاری خۆ پارێزی و زیادبوونی پشکنینی میدانی تیمە تەندروستییەکانی عێراق بۆ گەڕان بە دوای توشبووانی ڤایرۆسەکە.