ناس کورد-
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە لەسەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستابن هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئەوە بەردەوامی سیاسەتی پاکتاوکردنی گەلی کوردە و پێویستە هێزە سیاسییەکانی کورد دەستوبرد هەڵویست نیشان بدەن و گەلیش بڕژێنەسەر شەقامەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
خەلیل لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوز ڕایگەیاند: "هێرشی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر چیاکانی کوردستان و کەمپی مەخمور و شەنگال، بەردەوامی سیاسەتی پاکتاوکردنی گەلەکەمانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی بەرخۆدانی کوردستانە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "تورکیا لەوڕێگەیەوە هەوڵدەدات شەنگال نائارام و مەترسیدار نیشانبدات تا دانیشتووانەکەی نەگەڕێنەوە بۆسەر خاکەکەی خۆیان".
ئەو بەرپرسەی پەیەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو: " پێویستە هێزە کوردییەکان دەستوبرد هەڵویستێکی ڕوون نیشان بدەن لەوبارەیەوە و بێدەنگ نەبن، گەلەکەشمان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بڕژێنەسەر شەقامەکان و هەڵویستیان هەبێت و بوونی گەلی کورد نیشان بدەن".
ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی ڕابردوو، تورکیا دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنێکى سەربازى لەژێر ناوى (چڕنوکى هەڵۆ) لە هەرێمى کوردستان دژ بە بارەگاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا بۆردومانى چەند ناوچەیەکى لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدا و تائێستاش حکومەتى هەرێم و عێراق لەئەنجامدانى هێرشەکان و ئۆپراسیۆنەکە بێدەنگن.