گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەماوەى سێ بۆ چوار مانگدا ئامادە دەکرێت

عێراق بەرەو سیستەمێکى نوێی موچە هەنگاو دەنێت

2020.06.14 - 19:01
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق بەرەو سیستەمێکى نوێی موچە هەنگاو دەنێت

ناس کورد-

ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هانى مستەفا کازمى سەرۆکوزیران دەدات پێداچونەوە بکات بە سیستەمى موچەى فەرمانبەران و هاوتاکردنیان، کە جیاوازییەکى گەورەى لەنێوان موچەى فەرمانبەران لە وەزارەتەکان دروستکردووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

تیمى راوێژکارى کازمى پەیوەندیدار بەو پرسە دەڵێت، تەواوکردنى ئەو کارە 3 ـ 4 مانگى پێویستە، لەهەمانکاتدا خەرجى بەکاربردن و قەرزەکان مانگانە پێویستى بە حەوت ترلیۆن دینار هەیە.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق هەفتەى ڕابردوو ئاشکرایکردبوو، سیستەمى نوێی موچە لەماوى سێ بۆ چوار مانگدا ڕەوانەى پەرلەمان دەکرێت.

 

لە کۆتایی ئادارى ڕابردوودا، مستەفا کازمى لەمیانەى سەرۆکایەتیکردنى کۆبوونەوەى لیژنەى چاکسازیی دارایی فەرمانیکرد کە پرسی دوو موچەیی چارەسەر بکرێت، لەگەڵ موچەى خانەنشینى زیندانیانى سیاسی رەفحا و ئەنجامدانى چاکسازیی پێویست لەسەر بنەماى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى.

 

حەسەن فدعم پەرلەمانتارى رەوتى حیکمە دوێنی شەممە داواى لە حکومەت کرد پێداچونەوە بکات بە سیستەمى موچە، بەوپێیەى فەرمانبەران و خانەنشینان پێویستیان بەوە هەیە دادپەروەرى لە موچەدا بەدیبهێنرێت.

 

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکردوو، جیاوازى گەورە هەیە لەنێوان ئەو موچەیەى بەشێک لە خاننشینان و فەرمانبەران وەریدەگرن لەزۆربەى فەرمانگە و وەزارەتەکان.

 

رونیشیکردبووەوە، ژمارەیەکى زۆرى خانەنشینان 500 هەزار دینار وەک موچە وەردەگرن، هەندێکیشیان 150 هەزار دینار وەردەگرن. بۆیە پێویستە ئاستى گوزەرانیان بەرزبکرێتەوە.

 

هەنگاوەکانى حکومەت بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمى موچە، هاوکاتە لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەى روبەڕووى بووەتەوە، بەهۆى کاریگەرى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە.

 

بەوتەى مەزهەر محەمەد ساڵح، کورتهێنانى مانگانە لەم بارودۆخەى ئێستادا، دەگاتە 5.4 ترلیۆن دینار.

 

بەپێی وتەى یاساناسان، ئەو کارنامەى یاساییەى کە حکومەت کارى لەسەر دەکات، پێنج یاسا لەخۆدەگرێت کە موچەى لەسەر رێکخراوە، ئەوەش ماناى ئەوەیە هوڵەکانى حکومەت لەبارەى چارەسەرى دوو موچەیی پێویستى بە هەموارکردنى ئەو یاسایانە هەیە.

 

عەلى تەمیمى شارەزاى یاسایی ڕایگەیاندووە، بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ناکرێت گۆڕانکاریی لە سیستەمى موچەدا بکرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە، تەنها بە یاسا ئەوە دەکرێت.

 

باسى لەوەشکرد، پێنج یاسا هەیە کە موچەیان ڕێکخستووە و پێویستە گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، کە بریتین لە، یاساى دامەزراوەى شەهیدان ساڵى 2016، یاساى ژمارە 57ى ساڵى 2015، هەموارى یەکەم و دووەمى یاساى قوربانیانى تیرۆر و شەڕ و هەڵەى سەربازى ساڵى 2009، یاساى ژمارە دووى ساڵى 2020، یاساى دامەزراوەى زیندانییە سیاسییەکان 2006.