ناس کورد-
لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، وەک هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویان لەگەڵ تورکیا هەیە و پێشوازیان لێدەکەن بۆ وەبەرهێنانی زیاتر، دەشڵێت، قوڵایی ستراتیژی هەرێم لەم کابینەیەدا بەغدا بووە و گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا بگەن بە ڕێككەوتن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕایگەیان: "ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی حوزەیرانی 2020، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە بەڕێز، هاكان كراچای، قونسولی گشتیی كۆماری توركیا لە هەولێر و شاندی یاوەری".
ئاماژە بەوەشکراوە، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا ئاوات جەناب نوری ڕایگەیاند: "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكی مێژوویمان هەیە لەگەڵ توركیادا".
وەزیری دارایی هەرێم ڕاشیگەیاند: "دەمانەوێت لە ڕووی ئابووریەوە پەرە بە پەیوەندیەكانمان بدەین و پێشوازی دەكەین لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی توركیا، بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا، چونكە لە هەرێمدا ژینگەیەكی باشی وەبەرهێنان ھەیە لەسەرجەم کەرتە ئابوریەکاندا".
هاوکات لەبارەی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەدا: "قوڵایی ستراتیجی هەرێم لەم كابینەیەدا بەغدا بووە، بۆیە دەمانەوێت گرفتەكان لەگەڵ بەغدا لە ڕیشەوە چارەسەر بكەین و گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەین بە ڕێككەوتن".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، قونسوڵی توركیاش ڕایگەیاند: "هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان برا و خوشكی ئێمەن، ئێمەش دەمانەوێت پەیوەندیە ئابووریەكانمان لەگەڵ هەرێمدا پەرەپێبدەین".