گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی و چیرۆکی کوشتنى سەدرەدین لە قەڵادزێ [تایبەت]

2019.04.15 - 15:36
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی و چیرۆکی کوشتنى سەدرەدین لە قەڵادزێ [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-سابیر عەبدوڵا

دوای ئەوەى ئێوارەى دوێنێ (14ی نیسانی 2019) پاش داخستنى دوکانەکەى لە قەڵادزێ نەگەڕایەوە ماڵەوە، ئەمڕۆ تەرمی سەدرەدین عەلی ئەحمەد لە نزیک ڕوباری زێی بچوک دۆزرایەوە.

پاش دیارنەمان و نەگەڕانەوەى بۆ ماڵەوە، کەسوکاری سەدرەدینی تەمەن 50 ساڵ هێزە ئەمنییەکانی قەڵادزێ ئاگادار دەکەنەوە، پاش گەڕان و پشکنینی زۆر، بەرەبەیانى ئەمڕۆ تەرمی ناوبراو لەسەر ڕۆخی ڕوباری زێی بچوک دۆزرایەوە.

.

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، شوێنەواری ئەشکەنجە بە لاشەی سەدرەدینەوە دیاربووە، دەستبەجێ ڕەوانەى پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین وتیشی، لەدوای دۆزینەوەى تەرمەکە، هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلی کوژراوەکەیان لە سەروی گوندی گردەسپیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری قەڵادزێوە دۆزیوەتەوە، شوێنى ئۆتۆمبێلەکە 20 کیلۆمەتر لە شوێنی دۆزینەوەى تەرمەکەوە دورە.

دەشڵێت، " تائێستا هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە و هۆکارکەشی نازانرێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکانمان دەستپێکردووە".

.

هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی سەدرەدین چی دەڵێن؟

هاوڕێیەکی سەدرەدین کە ناوەکەى لای ناس کورد پارێزراوە وتی، "کاتێک سەدرەدین دوکانەکەى داخست زۆر دڵخۆش بوو، پێدەکەنی و وەک هەمیشە قسەى خۆشی دەکرد، هیچ کاتێک باسی هیچ جۆرە کێشەیەکى نەکردووە و  باسی هیچ کێشەیەکى لەگەڵ کەس بۆ نەکردووم".

دراوسێ دوکانێکى تری سەدرەدین بە ناس کورد-ی وت، "ئەو کەسێکى بێکێشە و دەم بە خەندە بوو، بەرلەوەى دوکانەکەى دابخات بە پێکەنینەوە وتی، "توڕەم کەکەن جگەرەم تەرک کردووە و عەسەبیم".

هاوکات خالید ئیبراهیم، کەسوکاری سەدرەدین بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، "هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە و گومانیش لە کەس ناکەن، بەڵام سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە و هیوادارن بەزوویی بکەرانی تاوانەکە دەستگیربکرێن و بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن".

.

سەدرەدین عەلی ئەحمەد، تەمەنی 50 ساڵ بووە و لە گەڕەکی خانەقای شاری قەڵادزێ نیشتەجێبووە، ناوبراو خێزانداربووە و خاوەنی شەش کوڕە و وەستای چاککردنەوەى ئۆتۆمبێلی گاز و مۆلیدە بووە لە ناوچەى پیشەسازی قەڵادزێ.