ناس کورد-
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لەسەر هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆسەر ماڵێکی کورد و شەهید و بریندارکردنی 12 کەس هاتەدەنگ و داوادەکات، بەزووترین کات لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "شەوی 13 لەسەر 14ی 6ی 2020، گروپێکی چەکداری سەر بە تیرۆریستانی داعش هەڵیانکوتایەسەر گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای خانەقین و بەداخەوە، حەوت کەسیان لە خێزانێکی کوردی کاکەیی، شەهید کرد و پێنجی دیکەشیان بریندارکرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەونی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لەهێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لەئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان".
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەماوەی رابردوو، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەو مەترسیی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقیمان خستۆتەڕوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە، بەیەکەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی) کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەرو ماڵی رۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئاینی و نەژادییەکان پارێزراوبێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەوەش هاتووە: "بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گروپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە".
جەختیشیکردووەتەوە: " هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە رێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە رۆڵەکانمان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کارو خانەوادەی قوربانیانی ئەو تاوانە دژ بەمرۆڤایەتیە دووپات دەکەینەوە و سەلامەتی و شیفای بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین".