گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شارەزایەکی نێودەوڵەتی هۆشداری لە داڕوخانی سیستمی تەندروستیی عێراق دەدات

2020.06.13 - 23:35
شارەزایەکی نێودەوڵەتی هۆشداری لە داڕوخانی  سیستمی تەندروستیی عێراق دەدات

ناس کورد-

شارەزایەکی پێشووی فدراسیۆنی خاچی سوری نێو دەوڵەتی ڕاگەیاند، خاوی تیمە تەندروستییەکانی عێراق لە پشکنینی مەیدانی بۆ گەڕان بە دوای توشبووانی کۆرۆنا کارەساتێکی گەورەی دروستکردوە، دەشڵێت، هۆشداریش دەدات لەوەی سیستمی تەندروستی عێراق توشی داروخان بێتەوە.

 

فەلاح ساعدی، شارەزای پێشوو لە فدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سور بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندوە: "پرۆسەی وەرگرتنی نمونەی خوێن بە شێوەیەکی مەیدانی بۆ دۆزینەوەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت، ئەوەش وایکردوەە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسەکە هەڵکشانێکی مەترسیدار بەخۆیەوە ببینێت".

 

ئەو شارەزا عێراقییە بەراوردێکی لەنێوان وڵاتی ئیمارات و عێراقدا کردوە سەبارەت بەپرسی گەڕانی مەیدانی تیمە تەندروستیەکان بەدوای توشبووانی ڤایرۆسەکە و تویەتی: " هەرچەندە وڵاتی ئیمارات بەروارد بەعێراق لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە جیاوازیەکی زۆر هەیە، بەڵام توانیویەتی تەنها لەمانگی ڕابردوودا ملیۆنێک نمونەی خوێن بە شێوەیەکی میدانی لەهاووڵاتیانی وڵاتەکەی و بیانییە نیشتجێیەکانی سەر خاکەکەی وەربگرێت، ئەوەش وایکردووە لە ماوەیەکی کەمدا گەمارۆی ژمارەی توشبووان بە پەتاکە بدات کە هەرچەندە زۆریشە".

 

ڕوونیشیکردوەتەوە: "هەرلەو ماوەیەی کە وڵاتی ئیمارات تێیدا ملیۆنێک نمونەی خوێنی وەرگرتووە، تیمە تەندروستییەکانی عێراق توانیویانە تەنها 80 هەزار پشکنین ئەنجامبدەن، ئەوەش وایکردووە دۆخی تەندروستی عێراق بەرەوە ئاقارێکی خراپ گوزەر بکات".

 

ساعدی ڕێکارەکانی عێراقی بۆ دۆزینەوەی توشبووانی ڤایرۆسەکە لەڕێگەی ڕۆپێوی مەیدانیەوە بە ڕۆیشتنی ( کیسەڵ ) شوبهاندووە کە "ڕۆژانە دەتوانن تەنها 10 هەزار پشکنین ئەنجامبدەن".

 

شارەزا پێشووەکەی فدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سور داواشیکردووە: "عێراق پەلە و دەستوبرد بکات لە ئەنجامدانی پشکنینی مەیدانیی فراوان بۆ گەڕان بەدوای توشبووانی نەخۆشییەکە بە تایبەتی لە ناوچە جەنجاڵەکاندا کە ئەوەش پێویستی بەدابینکردنی خەرجییەکی باش هەیە".   

 

بەبڕوای ساعدی، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت گەمارۆی نەخۆشییەکە بدات و نەگاتە خاڵی نەگەڕاوە دەبێت ڕۆژانە 50 هەزار پشکنین ئەنجامبدات لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەپێچەوانەوە سیستمی تەندروستی وڵاتەکە دوچاری هەرەس و داڕوخانێکی گەورە  دەبێتەوە.