گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری گەڕی یەکەمی گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق لەزاری ڕاوێژکارێکی کازمییەوە

2020.06.13 - 22:10
وردەکاری گەڕی یەکەمی گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق لەزاری ڕاوێژکارێکی کازمییەوە

ناس کورد-

ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق تەنها پەیوەستن نین بەپرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، ڕاشیگەیاند، پاش کۆتایی پەتای کۆرۆنا لە سەر ئاستێکی باڵاتر دانووستانەکان لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

 

حارس حەسەن، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق وردەکاری گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کە ڕۆژی (پێنجشەمە)ی ڕابردوو بەڕێوچووە ئاشکراکرد وتی: " ئەو گفتوگۆیانەی کە ئەنجامدەدرێن لەنێوان ئەمریکا و عێراق تایبەت نییە بەپرسێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو چەندین پرسی گرنگ لەخۆی دەگرێت".

 

ئاماژە بەوەشکردووە: " هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لەوەی کە دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق تەنها بۆ پرسی کشانەوەی ئەمریکایە لەعێراق، بەڵام بەوشێوەیە نییە، بەڵکو گفتۆگۆکان پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا تاوتوێ دەکات".

 

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە: "گەڕی یەکەمی دانووستانەکان بە سەرۆکایەتی جێگری وەزیری دەرەوی هەردوو وڵات بووە و لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدراوە و ئەو دانووستکارە عێراقییانەی کە بەشداری گفتوگۆکانیان کردووە شارەزاییان هەیە لە بوارەکانی، سەربازی ، ئاسایش، ئابوری و تەندروستی".

 

بەوتەی ڕاوێژکارەکەی سەرۆکۆەزیرانی عێراق: "بڕیاروایە پاش نەمانی پەتای کۆرۆنا شاندێکی باڵای عێراقی بەسەرۆکایەتی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە سەردانی ئەمریکا بکەن بۆ برەودان بە دانووستانەکان".

 

حارس حەسەن ئاماژەی بەوەشکردوە: " سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ پرەنسیپی سەرەکی دیاریکردووە بۆ دانوستانکارە عێراقییەکان کە دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە دانوستانی لەسەر بکەن لەگەڵ ئەمریکا، ئەوەش، سەروەری عێراق، بەرژەوەندی وڵات و ویستی عێراق لە بەستنی پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا".

 

بەبڕوای ڕۆێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق: "هەندێ لایەن تائێستا لە سروشتی گفتوگۆکانی ئەمریکا و عێراق  تێنەگەیشتون، بۆیە هەوڵدەدەن بە هەموو شێوەیەک متمانەی گەلی عێراق بە شاندی دانووستانی عێراق بخنە ژێر پرسیارەو و گفتوگۆکانیش بەلاڕێدا بەرن".

 

 سەبارەت بەپرسی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش، حەسەن ئاماژەی بەوەکردووە: "لایەنی ئەمریکی  بەڕوونی هەڵوێستی خۆی  دەربارەی ئەو پرسە نیشانداوە وڤهەرلەسەرەتاوە ڕاگەیاند کە ئەوان سورن  لەسەر ئەوەی هەر لەگەڵ نەمانی مەترسی داعش هێزەکانیان قۆناغ بەقۆناغ  لە عێراق کەمبکەنەوە ".

 

دەشڵێت:  "بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق  لەسەر دوو بنەمای  سەرەکی بونیادنراوە، یەکەم ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردووڵا، دووەم داواکاریی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش لەسەرو بەندی سەرهەڵدانی ئەو ڕێکخراوە".

 

 گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا  لە 10ى حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی پێکرد، بەوتەی بەرپرسە عێراقییەکان تیمە عێراقییەکە پێکهاتووە لە 21 کەس کە لەبوارەکانی، سیاسەت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دارایی، سەربازی و فێرکردن پسپۆڕن و شارەزاییان هەیە.

 

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە بەمیدیا عێراقییەکانیان ڕاگەیاندووە، لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن لەسەر بەشداریکردنی چەند کەسێک و لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان چەند ناوێک  لە ئەندامێتی تیمە عێراقییەکە و چەند ئەجندایەکی تایبەتیش بسەپێنن کە ئەوان دەیانەوێت.



 ئاماژە بەوەشکراوە، لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت کاری لەپێشینەی تیمەکە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بێت لەعێراق، بۆیە لەئێستادا ئەو لایەنانە چەند کەسایەتییەکی تیمەکەیان ڕەتکردوەتەوە، بەبیانوی ئەوەی ئەو  کەسانە لە ئەمریکاوە نزیکن و ئەگەری هەیە ڕازی بن بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عێراق.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەپێچەوانەى لایەنە شیعییەکان، کورد و سونە لەگەڵ مانەوەی بەشێک لەهێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانن لەناو خاکی عێراق، ئەوەش بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی سوپای عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش.

 

 بەگوێرەی زانیارییەکان، گفتوگۆی ستراتیژی عێراق لەگەڵ ئەمریکا سێ دۆسییەی سەرەکی دەگرێتەخۆی کە پێکهاتوون لە: "بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عێراق لەڕووی سەربازییەوە دژ بە پاشماوەکانی داعش، پاراستنی دامەزاروە بیانییەکان کە لەعێراقدا کاردەکەن و پتەوکردنی کایە تەندروستییەکانی عێراق و هاوکاریکردنی لە قەڵاچۆکردنی پەتای کۆرۆنا". 

 

کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقى قودسى سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە لەسەرەتای ساڵی 2020دا لەشاری بەغدا، ئێران و لایەنە سیاسییە شیعییەکانی عێراقی توڕە کرد، بۆیە وەک کاردانەوەیەک لەسەر ئەو ڕووداوە بەزەبری لایەنە شیعییەکان پەرلەمانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکدا لە5ى کانوونی دووەمی ڕابردوودا دەنگیان بە پڕۆژە یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکاندا لەعێراق.