ناس کورد-
بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسینی دژبە پەتای کۆرۆنا، ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژوو دەکەن بۆ کڕینی سەدان ملیۆن دانە لەو پێکوتەیەی کە بڕیارە کۆمپانیاکە لە پایزی ئەمساڵدا بەرهەمی بهێنێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆبەرتۆ سبیرانتسا، وەزیری تەندروستی وڵاتی ئیتاڵیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە توڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، لەئێستادا وڵاتەکەی و وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و هۆڵەندا گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای( ئەسترازینیکا) واژوو کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ڤاکسینەی کە لەلایەن زانایانی زانکۆی (ئۆکسفۆرد)ی بەریتانییەوە پەرەی پێدراوە.
وەزیرە ئێتاڵییەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "بڕیارە گوژمەی یەکەمی ئەو ڤاکسینە کە مەزەندە دەکرێت بە 400 ملیۆن دانە لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە دەستی ئەو وڵاتانەی کە گریبەستەکەیان واژوو کردوە".
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە: "بەرپرسانی تەندروستیی یەکێتی ئەوروپا دوێنێی (هەینی) بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن وڵاتانی یەکێتییەکەوە ڕاسپێدراون کە دەست بکەن بە دانوستان لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەی کە لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینن دژ بە پەتاکە بۆ ئەوەی لە کاتێکی گونجاودا پێکەوتەکەیان بەردەستبێت".
ئەمڕۆ شەممە، 13ی حوزەیرانی 2020، ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا حەوت ملیۆن و 778 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەوانەشی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیلەدەستداوە زیاتر لە 429 هەزار کەسن.