گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچى ئێران و گروپە چەکدارەکانى لە دانوستانى ستراتیژى عێراق و ئەمريكا بێدەنگن؟

2020.06.12 - 23:08
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچى ئێران و گروپە چەکدارەکانى لە دانوستانى ستراتیژى عێراق و ئەمريكا بێدەنگن؟

ناس کورد-

 

تارق حەرب شارەزايى ياسايى پێیوايە، چەند سيناريۆيەك هەيە لە پشت ئەوەى كە ئێران و هەندێك لە گروپە چەكداريەكانى سەر بەو وڵاتە لە دانوستانەكانى (عێراق - ئەمريكا) هەڵنەچون، جەختیشدەكاتەوە كە لە هەموو حاڵەتەكاندا عێراق براوە دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تارق حەرب لە ئەكاونتى خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى فەيسبوك نوسيويەتى، "هێمنى ئێران لەكاتێكدا كە گفتوگۆى ستراتيژیى عێڕاقى ئەمريكى بەڕێوە دەچێت عێراق تییدا براوەيە، ئەوەى پێمان وايە ئەوەى ڕودەدات لە گفتوگۆكانى نێوان بەغدا و واشنتۆن، ئێران ويستى شتێك لە ئەمريكا بەدەستبهێنێت لە ڕێگەى دەموچاوە ڕاگەياندن و سياسيە ئێرانيەكانەوە".

 

باسى لەوەشكردووە، "لێدوانێكى سياسى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆى ئێرانى نەبووە كە بتوانرێت بەو شێوەيە لێكبدرێتەوە كە ناڕازییە لە دانوستانەكان ياخود ترس بێت لێى، هەروەها لە بەغدا وتارى لەسەرخۆمان بينى هەروەها هادى عامرى ئەوەى كە وتى دڵنياكردنەوە بوو لەسەر ڕێكکەوتنى ساڵى 2008  و ياساى 52 تايبەت بەو رێكەوتنە كە بە ڕێكەوتى (هاوڕێيەتى وهاوكارى) لە نێوان عێراق و ئەمريكا ناسراوە".

 

حەرب ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، هەروەها قەيس خەزعەلى لە قسەكانيدا تەئكيدى كردەوە كە پارێزبەندى نادرێت بە سەربازانى ئەمريكا، ئەوەش واتاى ئەوەيە كە هەردوكيان بە دانوستانەكە و ئەوەى لێى دەكەوێتەوە ڕازين لەوانەش مانەوەى ئەمريكا لە عێراق ئەگەر لەژێر ناوى هاوپەيمانى نێودەوڵەتيدا بێت.

 

ئەو شارەزا ياساييە پێیوايە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەيە كە ئاشكرايە زۆرينەى هێزەكانى هاوپەيمانان ئەمريكين، بە واتايەكى تر پاراستنى ئەمريكيەكانە چونكە دەربڕينى هاوپەيمانان ئەمريكيەكانيش دەگرێتەوە، تەنانەت پەرلەمانى عێراق وەك لايەنێك نەخرايە ناو گفتوگۆكانەوە.

 

حەرب پرسيارى ئەوەش دەكات، ئايا ئێران لەم هەڵوێستەى چى دەستدەكەوێت، ئايا ئەمە ستراتيژێكى نوێى ئێرانە لەگەڵ ئەمريكا، ياخود نەبونى قاسم سولەيمانى (فەرماندەى پێشوى فەيلەقى قودس) لەپشت ئەمەوە بوو، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا عێراق براوە دەبێت لەم بابەتەدا.

 

هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا ئەمڕۆ گرنگترین ئەو تەوەرانەیان ئاشکرا کرد کە دوێنێ لە دانوستانی ستراتیژی نێوانیان باسیان کردووە بەڵام هیچ تەوەرێکی لەبارەى هەرێمی کوردستانەوە تێدا نییە.  

 

ئەمڕۆ هەینی، 12ی حوزەیرانی 2020، هەردوو حکومەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، لەدوای پێشکەوتنێکی گەورە لە تێکشکاندنی داعش، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوودا دەست دەکات بە کەمکردنەوەى هێزەکانی لە عێراق." 

 

ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەى ستراتیژی ساڵی 2008 بۆ پەیوەندی هاوڕێیانە و هاوکاری لە نێوان عێراق و ئەمریکا، گفتوگۆی ستراتیژی لەڕێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەنێوان نوێنەرانی هەردوولا بەسترا کە بریکارانی وەزیرانی دەرەوەى سەرۆکایەتییان کردووە، و تێیدا باس لە بوارەکانی ئەمنی، ڕوبەڕوبوونەوەى تیرۆر، ئابوری، وزە، کەیسە سیاسییەکان و پەیوەندییە کلتورییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە و هەردوو وڵات جەختیان لەسەر ئەو بنەمایانە کردەوە کە لە گفتوگۆکاندا لەسەری ڕێککەوتوون.  

 

 دەشڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی لە یەکپارچەیی و پاراستنی سەروەریی عێراق و سەرجەم ئەو بڕیارە پەیوەندیدارانە کردەوە کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە دەرکراون.  

 

 ئەوەى پەیوەندی بە دۆسیەی ئابوری و وزەوە هەیە، هەردوولا باسیان لەو ئاڵنگارییە ئابورییە دیارانە کرد کە عێراق ڕوبەڕوی بووەتەوە بەهۆی قەیرانی کۆڤید-19 و دابەزینی نرخی نەوت و دەڵێت، عێراق پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتی ئابوریی هەیە.  

 

 هاوکات ئەمریکا تاوتوێی دابینکردنی ڕاوێژکاری تایبەتی ئابوری بۆ عێراق کردووەتەوە تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت کار بکەن لەپێناو زیادکردنی ئاستی هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی.  

 

 هەروەها "هەردوولا تاوتوێی ئەو پڕۆژە وەبەرهێنانەیان کردووە کە کۆمپانیا ئەمریکییە جیهانییەکان بڕیارە لە بواری وزە و بوارەکانی تردا لە عێراق ئەنجامی بدەن، بەڵام بەو مەرجەى دۆخی کار لە عێراقدا ڕەخسا بێت."  

 

 ئەوەشی پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە هەیە، "ئەمریکا هاوهەڵوێستی خۆی بۆ کۆماری عێراق دەردەبڕێت نەک تەنها بەڕێگەی هاوکاری دووقۆڵی لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی، بەڵکو لەڕێگەی پشتگیری و هاوکاری بۆ حکومەتەکە نوێیەیشی."  

 

 "هەردوو دەوڵەت جەختیان لە گرنگی هاوکاری عێراق کردەوە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەى حکومی و چاکسازی بەشێوەیەکی لەئاستی خواستی گەلی عێراق بێت بۆ گەڕاندنەوەى سەقامگیری و دووبارە ئاوەدانکردنەوەى وڵات و ڕێکخستنی هەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەر."  

 

دەشڵێت، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەوڵەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ و گەڕاندنەوەى ئاوارەکان و پاراستنی کەمە نەتەوەیاتییەکان."  

 

 لەبارەى کۆمپانیا ئەمنییەکان، هەردوو وڵات تیشکیان خستەسەر گرنگی کۆتایهێنان بە هەڕەشەکانی داعش، ئەمریکاش لە چەند مانگی داهاتوودا دەست دەکات بە کەمکردنەوەى هێزەکانی لە عێراق و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەت لەسەر چۆنیەتی مانەوەى بەشەکەى تری.  

 

 هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "ئەمریکا هەوڵی  دانانی بنکەی سەربازیی یان بوونی سەربازی هەمیشەیی نادات لە عێراق، وەک ئەوەى پێشتر لە گفتوگۆی ستراتیژی ساڵی 2008دا ڕێککەوتوون لەسەری."  

 

هاوکات مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی فەرمی حکومەت دەڵێت، گفتوگۆکە "سەرکەوتنێکی گەورەى" بەدەستهێناوە و جەختکراوەتەوە لەسەر کشانەوەى سەرجەم هێزەکانی لە عێراق و نەبوونی هیچ بنکەیەکی سەربازیی تێیدا، گفتوگۆکە دانی بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقدا ناوە بۆ کشانەوەى هێزە ئەمریکی و بیانییەکان.  

 

لەسەر ئاستی کلتوری، هەردوو حکومەت باسیان لە گرنگی گەڕاندنەوەى ئەرشیفی سیاسیی حکومەتى عێراق  و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆکانی عێراق کردەوە، هەروەها باس لە گەڕاندنەوەى پارچە شوێنەوارییەکان و ئەرشیفی حزبی بەعس کرایەوە بۆ عێراق.