گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرەتا رێککەوتنى مانگانە دواتر ساڵانە

هەرێم و بەغدا لەبەردەم ئەگەرى رێککەوتنێکى نوێدا

2020.06.12 - 18:32
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم و بەغدا لەبەردەم ئەگەرى رێککەوتنێکى نوێدا

ناس کورد-

 

چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە دەستپێبکەنەوە، ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت ئەگەر هەیە هەردولا سەرەتا رێککەوتنى مانگانە بکەن و دواتر رێککەوتنى ساڵانە بکەن کە لە بودجەدا جێگیربکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بریارە هەفتەى داهاتوو شاندى هەرێم بچێتەوە بەغدا بۆ ئەنجامدانى دانوستان لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، کە تەواوکەری دانوستانەکانی پێشووە لەگەڵ کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی.  

 

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هەرێم و بەغدا پێویستیان یەیەکتر هەیە و ئەگەر هەیە بگەن بە رێککەوتن، هەرێم دەیەوێت لەو رێگەیەوە بتوانێت موچە دابەشبکات، بەغداش دەیەوێت بەهۆى هەرێمەوە پرسی بەهەرێم بوونى بەسرە و چەند پارێزگایەکى دیکە سەرهەڵنداوەتەوە و هەرێم زۆر لێی دورنەکەوێتەوە.

 

دانوستانەکانى ئەمجارە لەکاتێکدایە کە نرخى نەوت تاڕادەیەک بەرزبووتەوە، بە پێچەوانەى کاتى دانوستانەکانى دوو مانگى ڕابردووەوە کە نرخى نەوت بەشێوەیەکى بەرچاو رووى لە نزمبوونەوە کردبوو.

 

جەمال کۆچەر دەڵێت، نرخى نەوت یەکێکە لەو پرسانەى کە کاریگەرى لەسەر رەوتى دانوستانەکان دروستدەکات، لەگەڵ کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا، بەڵام هیشتا بەغدا و هەرێم بەرچاویان روون نییە لەو بارەیەوە.

 

"کاتێک بەغدا رازى بوو لەبەرانبەر 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، مانگانە 822 ملیار دینار رەوانەى هەرێم بکات، نرخى نەوت بە 56 دۆلار بوو، ئێستا نزیکە لە 40 دۆلار، پێشبینیدەکرێت نرخەکە تا کۆتایی ئەمساڵ لەنێوان 35-45 دۆلاردا بێت"، جەمال کۆچەر وایوت.

 

جگە لە رادەستکردنى نەوت، هەرێم رەزامەندى نیشانداوە لەسەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان بەبەغدا، ئەوەش لەسەر داواى بەرپرسانى بەغدا.

 

جەمال کۆچەر دەڵێت، ئەگەر هەیە هەردولا بگەنە رێککەوتنێکى مانگانە، دواتر رێککەوتنەکە ببێتە ساڵانە و لە پڕۆژەى بودجەدا جێگیربکرێت.

 

کابینەکەی کازمی لە مانگی ڕابردودا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ڕەوانەکردنی 400 ملیار دینار بۆ ھەرێم وەک شایستە داراییەکانی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسان، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا کابینەکەی عەبدولمەھدی ناردنی پارەکەی ڕاگرتبوو، ئەوەش ئەگەرى گەیشتن بە رێککەوتنى زیاتر کردووە.

 

فارس عیسا نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق نییەتی ڕێککەوتنی لەگەڵ ھەرێم ھەیە و شاندی ھەرێم سەرجەم داتاکانی پەیوەست بە داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و فەرمانبەران و ئەوەی بەغدا داوای دەکات ڕادەست دەکات.  

 

باسی لەوەشکردبوو، ھەروەھا ھەرێم ڕەزامەندە لەسەر ڕادەستکردنی نەوت بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن. لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنورییەکان و گومرگ بەپێی دەستور  

  

تا ئێستا دیارنییە ئەو بڕە پارەیە چەندە کە ھەرێم داوایدەکات لەبەرانبەر ئەوەدا، بەڵام ھەندێ سەرچاوە باس لە 600 ملیار دینار دەکەن.  

 

"گرنگ نییە ئەو پارەیەی لەسەری ڕێکدەکەوین چەندە گرنگ نیازی ھەردولایە کە دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن" فارس عیسا وایوتبوو.  

 

چاوەڕواندکرێت ئەم مانگە دانوستانەکان بەلایەکدا بکەوێت، بەتایبەتى کە کابینەکەى کازمى ئەم مانگەى دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێم، دواى ئەوەى بۆیەکجار و تا گەیشتن بە رێککەوتن بڕە پارەیەکى بۆ موچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێم کرد.

 

سەمیر ھەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم پێشتر بۆ ناس کورد جەختیکردبووەوە کە نیەتی ئیجابی ھەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.