ناس کورد-
وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق دەستگیرکردنى کەسێکى بەناوى(جریزى) راگەیاند کە یەکێکە لەوانەى خێوەتى خۆپیشاندەرانى سوتاندووە و تێوەگلاوە لە کوشتن و ئاژاوەنانەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەمید یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژى فەرماندەیى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "مستەفا کازمى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق هێزە ئەمنییەکانى راسپارد بۆ بەدواداچوونى روداوى کوشتنى گەنجێک لەلایەن گروپێکى تاوانکار لە ناوچەى باب شەرقى لە ناوەندى شارى بەغدا".
رونیشیکردەوە "کازمى فەرمانى پێکهێنانى لیژنەیەکى دەرکرد لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ خێراکردنى لێکۆڵینەوەکان و دەستگیرکردنى تاوانباران".
ئاماژەى بەوەش کرد "لیژنەکە لەماوەى 48 کاتژمێردا توانى تاوانبارى سەرەکى روداوەکە دەستگیربکەن کە کەسێکە بەناوى (م.خ.ج) ناسراو بە (جریزى).
عەمید یەحیا رەسوڵ جەختى لەسەر ئەوە کردەوە "لەکانى لێکۆڵینەوەکەدا تاوانبار دانى بە ئەنجامدانى چەندین کردەوەى ئاژاوەگێڕیداناوە لە سوتاندن و زیانگەیاندن بە هێزە ئەمنییەکان و سوتاندنى کەسێک بە بەنزین و چەندین کردەوەى ئاژاوەگێڕى دیکە".