گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کازمی ئامادەى ڕێککەوتنە’’

هەرێم: سەرجەم ئەو داواکارییانەى بەغدا داوای دەکات ڕادەستی دەکەین

2020.06.10 - 13:51
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم: سەرجەم ئەو داواکارییانەى بەغدا داوای دەکات ڕادەستی دەکەین

ناس کورد-

نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نییەتی ڕێککەوتنی لەگەڵ ھەرێم ھەیە و شاندی هەرێمیش بە مەبەستی ڕێککەوتن دەچنەوە بەغدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ حکومەتی ھەرێم ئامادەیی نیشان دا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی ڕێککەوتن لەسەر کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، کە لە پێش جەژنی ڕەمەزانەوە وەستاون.

 

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ھەفتەی داھاتوو شاندی ھەرێم دەچێتەوە بەغدا بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان".

 

دانوستانەکانی ئەمجارە لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی و تەواوکەری دانوستانەکانی پێشووە لەگەڵ کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی.

 

فارس عیسا وتی، "لە کۆتایی کابینەکەی عەبدولمەھدی دانوستان کرا بەڵام ئەوەی ئەمجارە لەگەڵ کابینەکەی مستەفا کازمییە کە وادەبینین نییەتی هەیە لەگەڵ ھەرێم ڕێکبکەوێت".

 

کابینەکەی کازمی لە مانگی ڕابردودا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ڕەوانەکردنی 400 ملیار دینار بۆ ھەرێم وەک شایستە داراییەکانی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسان، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا کابینەکەی عەبدولمەھدی ناردنی پارەکەی ڕاگرتبوو.

 

فارس عیسا ئاشکرایکرد، شاندی ھەرێم سەرجەم داتاکانی پەیوەست بە داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و فەرمانبەران و ئەوەی بەغدا داوای دەکات ڕادەست دەکات.


باسی لەوەشکرد ھەروەھا ھەرێم ڕەزامەندە لەسەر ڕادەستکردنی نەوت بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن. لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنورییەکان و گومرگ بەپێی دەستور

 

تا ئێستا دیارنییە ئەو بڕە پارەیە چەندە کە ھەرێم داوایدەکات لەبەرانبەر ئەوەدا، بەڵام ھەندێ سەرچاوە باس لە 600 ملیار دینار دەکەن.


"گرنگ نییە ئەو پارەیەی لەسەری ڕێکدەکەوین چەندە گرنگ نیازی ھەردولایە کە دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن" فارس عیسا وایوت.

 

دانوستانەکان ھاوکاتە لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕووی عێراق و ھەرێم بوونەتەوە بەھۆی کاریگەری کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە.

 

فارس عیسا جەختیکردەوە کە قەیرانەکە کاریگەری ئەوتۆی نییە چونکە ھەردولا دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن.


ھەردوو حکومەتەکە دەیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە ببێتە ھۆی سوککردنی کاریگەری قەیرانی دارایی لەسەریان بەڵام دیارنییە دەگەنە ڕێککەوتن یاخود نا.

 

سەمیر ھەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم دوێنێ بۆ ناس کورد جەختیکردبووەوە کە نیەتی ئیجابی ھەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.