ناس کورد-
لەبارەی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک بەهۆی نەبوونی پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ڕاپەڕین ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کارمەندنی نەخۆشخانەکە هەموو هەوڵێکی خۆیان داوە، بەڵام پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە ئەو هاوڵاتییە گیانیلەدەستداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2020، کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ ئافرەتێکی تەمەن 49 ساڵ دوای گەیاندنی بۆ بەشی فریاکەوتن لەنەخۆشخانەی گشتی ڕانیە و بینینی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕو ستافی تەندروستی و ئەنجامدانی ڕێکارە تەندروستیەکان، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت ئەو ئافرەتە پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، بەداخەوە کەس و کارەکەشی لەدەرەنجامی ئەوحاڵەتەدا هەندێک هەڵسوکەوتی نەشیاویان بەرامبەر ستافی نەخۆشخانەکە ئەنجامداوەو پەلاماری چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەکەیاندا، تەنانەت زیانیان گەیاندووە بە بەشێک لە پێداویستیەکانی ناو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ڕاپەڕین ئەوەشی خستووەتەروو: "لێرەشەوە داوا لە هاوڵاتیانی ئازیز دەکەین کە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی سەرەڕای خراپی دۆخی دارایی و دواکەوتنی موچەکانیان شەو و ڕۆژ لەخزمەتی هاوڵاتیان بەردەوامن و پێویستە ڕێز لەماندووبونیان بگرین، نەوەک کاری نەشیاویان بەرامبەر ئەنجامدرێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "هیواخوازین کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبوری خانەوادەکەشیان بدات".
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو کەسە، لە بەشێک لە هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەهۆی نەبوونی پزیشک لە نەخۆشخانەکە گیانیلەدەستداوە.