ناس کورد-
بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر لەبارەی داواکردن بۆ قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهیچ جۆرێک داوای لەو شێوەیان نەکردووە و ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2020، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە چەند پەیج و ماڵپەڕ و کەناڵێک، لێدوانێک بەناوی د. دلۆڤان محمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بڵاو کراوتەوە، گوایە وەک تەندروستی هەولێر داوایان کردووە قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی ڕابگەینرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهەموو شێوەیەک ئەو لێدوانە ڕەتدەکەینەوە و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێریش بەهیچ شێوەیەک لێدوانی لەم شێوەیەی بۆ هیچ ماڵپەڕ و پەیج و کەناڵێکی ڕاگەیاندن نەداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر جەختیکردووەتەوە، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە هیچ بنەماو ڕاستیەکی تێدا نییە و تەنها مەبەست لێی بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی هاوڵاتییانە.