گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەشێکى زۆر لە بازاڕ و دوکانەکانى قەزاکە داخران

قەزای چۆمان کەرەنتینە کرا

2020.06.09 - 13:10
App store icon Play store icon Play store icon
قەزای چۆمان کەرەنتینە کرا

ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابى

بەهۆی ڕاگەیاندنی تۆمارکردنى  20 توشبوى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە قەزاکە،  قەزای چۆمان بەتەواوی كەرەنتین كراو خەڵكیش دوكان و بازاڕەكانیان داخست. چوار تیمی تەندروستیش سەرقاڵی ئەنجامدانی پشكنینن لە قەزاکەدا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا چەند هاووڵاتیەكی قەزای چۆمان دوای تێكچونی بارودۆخی تەندروستیان سەردانی نەخۆشخانەیان كرد، دوای ئەنجامدانی پشكنین دەركەوت كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

 

پاش بڵاوبوونەوەی ئەنجامی پشكنینەكان كە وەزارەتی تەندروستی بەفەرمی توشبونی بیست هاووڵاتی قەزای چۆمانی ڕاگەیاند، هاووڵاتیان خۆیان دوكان و بازاڕەكانیان داخست و چوونەوە ماڵەوەو خەڵكیش خۆی سەردانی نەخۆشخانە دەكات  بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی خۆی، داوای پشكنین دەكات.

 

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی چۆمان بە ناس كوردی ڕاگەیاند: " 118 پشكنین ئەنجامدراون، لەو ژمارەیە ئەنجامی 43 پشكنین دەرچوەو 20 هاووڵاتی هەڵگری ڤایرۆسەكەن".

 

ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیكردەوە: " پزیشك و بەرپرسانی تەندروستی چۆمان گومانی ئەوەو ترسی ئەوەیان هەیە كە بەهۆی ئەنجامی پشكنینەكانی دیكە ڕێژەی توشبون بەرزببێتەوە".

 

زۆسك چۆمانی كە گەنجێكی دانیشتوی قەزای چۆمانە بە ناس كوردی ڕاگەیاند : " ئێستا سەرجەم دانیشتوانی قەزای چۆمان لەناو ماڵەكانیاندان و بێدەنگی و بێ نازی بەتەواوی باڵی بەسەر بازاڕو گەڕەك و كوچەو كۆڵانەكانی قەزاکە كێشاوە".

 

وتیشی : " لە ئێستادا هیچ جوڵەو هاتووچۆیەك لە قەزاى چۆمان بەدیناكرێت، هاوكات تەواوی ڕێگەی گوندو ناحیەكانی سنورەكە پچڕاوەو قەدەغەی هاتوچۆیە".

 

بە گوێرەى زانیارییەكانی ناس كورد لە ئێستادا هەریەك لە قایمقامی قەزای چۆمان، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، ئاسایش و پۆلیسی چۆمان لەسەر ڕەوشی شارەكە لە كۆبونەوەدان.

 

د. ئەحمەد خەلیل بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان بە ناس كوردی ڕاگەیاند : " ئەوانەی كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن بەركەوتەیان هەیە، بۆیە پێویستە خەڵكی چۆمان و باڵەكایەتی هۆشیار بن، چونكە ڕێژەی توشبون بەرزەو ئەوانەشی توشبونە نیشانەیان هەیە".

 

ناس کورد زانیویەتى  تەوەرێکی کۆبونەوەکەى قایمقامیەت لەسەر ئەوەیە کەئایا دەروازەی حاجی ئۆمەران دابخەن یان نا. هاوکات چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەی هاتۆتە پێشەوە لە قەزاکەدا، چۆن وا بکەن خۆپارێزی و ڕێککارەکانی توندتر بکەنەوە.