گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کازمی ئامادەیی نیشان داوە’’

یوسف محەمەد زانیارى لەبارەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکات

2020.06.08 - 23:57
App store icon Play store icon Play store icon
یوسف محەمەد زانیارى لەبارەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکات

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەرێم و بەغدا لەدوو مانگى ڕابردوودا چەند جارێک کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە رێککەوتن و چاوەڕواندەکرێت بەم نزیکانە شاندي هەرێم بۆ ئەنجامدانى دانوستان بچێتەوە بەغدا.

 

یوسف محەمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق لە وتارێکدا بەناوى "دوای دانپیانان چارەسەر چیە؟" کە لە هەژمارەکەى لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە نوسیویەتى، "سیاسەتی نەوتیی هەرێم بووەتە خاڵی لاوازی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بوەتە قوفڵی بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا و، بوەتە هۆی فەرامۆشکردنی کێشەکانی تری نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی خاک".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، دەکرێت هەرێم وزە بکاتە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی لەگەڵ عێراق. بەڵام بەو مەرجەی هەرێم ئامادە بێت کە پیداچونەوە و ڕاستکردنەوە بۆ کۆی سیاسەتی نەوتیی خۆی بکات و، هاوشێوەی عێراق گفتوگۆ بکات لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بۆ پێداچونەوە بەگرێبەستە نەوتیەکان. چونکە پێناچێ عێراق گرێبەستە نەوتییەکان و هەناردنە کردنی نەوتی هەرێم، بەم شێوەیەی ئێستای قبوڵ بکات.

 

بەوتەى یوسف محەمەد، عێراق ئێستا دوو سکاڵای هەیە لەسەر هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم. سکاڵایەکیان لە دادگای ناوبژیوانیی ژوری بازرگانیی پاریسە لە دژی تورکیا، ئەوی تریشیان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە دژ بە هەرێمی کوردستان. پێویستە هەرێم، پێش یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانە بگاتە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا لە بواری وزە بە گشتی و نەوت بەتایبەتی.

 

ئاشکراشیکردووە، "گفتوگۆ تەکنیکییەکانی ماوەی ڕابردوی نێوان وەفدی هەردولا لە بواری نەوت هەنگاوی باشی بڕیوە، ئێستاش حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ".

 

یوسف محەمەد بە پێویستى دەزانێت، هاوزەمان لەگەڵ ئەو گفتوگۆیانە، هەرێم هەڵمەتێکی پەیوەندیی گشتی لەگەڵ دەستەبژێری ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمیی عێراقی و، ڕای گشتیی شەقامی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدات.

"لێدوانی نابەرپرسانە و لوتبەرزانەی موزەیەفی هەندێک لە کاربەدەستانی هەرێم لە قۆناغی پێشوو، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و شکستهێنانی و، بڵاوبونەوەی سەدای گەندەڵیی دەسەڵاتی هەرێم بە هەمو دنیادا، شەقامی عێراقیی زۆر توند دژ بە هەرێم ئاڕاستە کردووە".

 

یوسف محەمەد دەڵێت "ئاڕاستەی زاڵ لە شەقامی عەرەبی عێراق سەبارەت بە هەرێم ئەوەیە کە «دەسەڵاتدارانی هەرێم، نەوتی هەرێم ئەدزن و، بۆ خۆیانی دەفرۆشن و یەک دیناری نادەن بە خەزێنەی گشتی لە بەغدا، کەچی حکومەتی ئیتیحادی لە نەوتی بەسرەش پارە ئەنێرێت بۆ هەرێم». هەر بۆیەش چاکسازیی ناوخۆیی، گۆڕینی گوتاری ئاڕاستەکراو بەرەو بەغدا، کارکردن لەسەر دۆزینەوەی زمانی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش و ئامادەیی بۆ شەفافییەت، کاریگەر دەبێ بۆ نەترسانی حکومەتی عێراق لە ڕێکەوتن لەگەڵ هەرێم".