کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا
.
ڕاوێژكار و چاودێرێكی نەتەوەیەكگرتووەکان لە عێراق، هۆشداری دەدات لە خراپی بارودۆخی ئاوارەکانی بەشێک لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان.
.
خالید مەحمود ڕاوێژكار و چاودێری نەتەوەیەكگرتووەکان لە عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "نزیكەی 300 هەزار كەس لە نێو کامپەکانی هەرێمدا لە گوزەرانێكی زۆر قورسدا ژیان بەسەر دەبەن، گرفتی نەبوونی خۆراك و ئاوی پاك و خوێندنگەیان هەیە، ئەو كامپانە بۆ دوو مانگ دروستكراون نەك بۆ ئەوەی شەش ساڵ ئاوارەکان ژیانی تێدا بەسەر ببەن".
.
"حكومەتی عێراق وخودی وەزارەتی كۆچوکۆچبەرانی عێراق، زۆر بێباك و خەمساردن لە چارەسەركردنی كێشەی ئەو ئاوارانە، هەوڵی گەڕاندنەوەیان نادەن بۆ زێدی خۆیان، كە ئەمەش پێشێلكردنی مافەكانی مروڤە"، ڕاوێژکارەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان وای وت.
.
خالید مەحمود كە هاوكات سەرۆكی ڕێكخراوی جیهانی مافەكانی مرۆڤە لە عێراق، داوا لە سەرۆككۆمار و حكومەتی عێراق و ڕێكخراوەكانی مافی مروڤ دەكات، پەلە بكەن لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی نێو كامپەكان، بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر دۆخێكی مرۆیی نەخوازراو و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كوشندە لە نێو کەمپەکاندا.
.
لە کاتی شەڕی داعشدا هاوڵاتیانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، وێڕای گەڕانەوەی بەشێکیان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەهۆی ئاوەدان نەبوونەوەی ناوچەکانی خۆیان بەشێکیان ژیانی کامپەکانی هەرێمیان لا پەسەندترە و ماونەتەوە.
.
.