گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پلانەکەى هەرێم ناشەفاف بووە’’

کشتوکاڵى عێراق لە ناس کوردەوە هۆکارى وەرنەگرتنى بەشێک لە گەنمى جوتیارانى هەرێم ئاشکرادەکات

2020.06.08 - 21:02
کشتوکاڵى عێراق لە ناس کوردەوە هۆکارى وەرنەگرتنى بەشێک لە گەنمى جوتیارانى هەرێم ئاشکرادەکات

ناس کورد-

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق حکومەتی هەرێم تۆمەتباردەکات بەوەى "ناشەفاف" بووە لە پێشکەشکردنی پلانی کشتوکاڵی ئەمساڵ بە بەغدا، ئەوەش وایکردووە هەندێک ئاستەنگی لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم ڕووبدات.

 

كێشەى وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کورد و پێدانی مافەکانیان چەند ساڵێکە دووبارە دەبێتەوە، جوتیارانی کوردستانیش چەندین جار داوایان کردووە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەرهەمی گەنمەکانیان  لێی وەربگیرێت.

 

رۆژى 18ى مانگى ڕابردوو لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە بەغدا كۆبوونەوەی تایبەت بە گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا بە بەشدارى نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم و بڕیاری دا ڕێژەى وەرگرتنى گەنم لە جوتیارانى هەرێم زیاد بکرێت، بەڵام زیادکردنەکە لەئاست خواستى هەرێمدا نییە، بەو پێیەى بەرهەمى گەنمى هەرێم لەوە زیاترە کە بەغدا بڕیارى وەرگرتنى داوە.

 

پلانى ئەمساڵ

 حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەو پلانە کشتوکاڵییەی کە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دایناوە دەبێت بۆ ئەمساڵ نزیکەی  شەش ملیۆن تەن گەنم لە جوتیارانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە وەربگیرێت.

 

وتیشی، "لە ئێستادا وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی ناوچەکەکانی ناوەراست و باشوری عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بەردەوامە و تائێستا ڕێژەی ئەو گەنمەی کە وەرگیراوە مەزەندە دەکرێت بە دووملیون و 200 هەزار تۆن".

 

نایف ئەوەی ڕوونکردەوە کە لەئێستادا کێشەیەک هاتووەتە ئاراوە کە بە شێوەیەکی نەرێنی کاری کردوەتە سەر وەرگرتنی گەنمی هەموو جوتیارانی عێراق بە تایبەتی جوتیارانی شاری کەرکوک کە ئەوەش تیکەڵبوونی بەرهەمی (نیسک)ە لەگەڵ گەنمی جوتیاران کە ئەوەش وادەکات سایلۆکان گەنمی بەشێک لەو جوتیارانە وەرنەگرن  کە گەنمەکانیان نیسکی تێدایە.

 

"عێراق ساڵانە  پێوێستی بە زیاتر لە 5 ملیۆن تۆن گەنم ھەیە، پێشبینی دەکرێت  ئەمساڵ زیاتر لەو  ڕێژەیە گەنم رادەستی سایلۆکان بکرێت، بۆیە بڕیاردراوە ھاوردەی گەنم لە دەرەوە ڕابگیرێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە، بە مەبەستی  وەرگرتنی ھەموو بەرھەمی جوتیارانی عێراق." حەمید نایف وا دەڵێت.

 

وەرگرتنى گەنمى جوتیارانى هەرێم

عێراق بۆ ئەمساڵ بڕیاری داوە زیاتر 10%ی ساڵى ڕابردوو گەنم لە جوتیارانى هەرێم وەربگرێت، بەڵام هەرێم بەو ڕێژەیە ڕازى نییە و داواى زیاتر دەکات.

 

وتەبێژەکەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق وتی، "هیچ جیاوازییەک لە نێوان جوتیارانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیڕاق و جوتیارانی هەرێمی کوردستاندا ناکرێت و بە یەک چاو سەیری هەموویان دەکرێت، چونکە عێراقییەکان هەموویان برای یەکترن، بەڵام هەندێ جار ناشەفافبوونی حکومەتی هەرێم لە مامەڵەکردنی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقدا ئاڵنگاری بۆ حکومەتی عێراق و جوتیارانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات".

 

ڕوونیشیکردووە، "سەرباری ئەوەی چەندین جار داوامان لەحکومەت هەرێمی کوردستان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم کردووە دەستوبرد بکەن لە ڕادەستکردنی پلانی کشتوکاڵیان  دەربارەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ 2020 ، بەڵام ئەوان دوا کەوتوون کە لە دوایشادا پلانەکەیان ناردووە دوای وردبینیکردنی پلانەکەیان بۆمان دەرکەوتووە ناشەفافییەکی زۆری تێیدا بووە".

 

بەوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە ساڵی 2019دا  وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان  پلانی کشتوکاڵی هەرێمی  سەبارەت بەبەرهەمی گەنم خەمڵاندبوو بە 350 هەزار تۆن کە ڕادەستی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کراوە، سەربارەی ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو ساڵێکی باراناوی بوو لە هەموو عێراقدا، بەڵام هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە پابەندی ئەو ڕێژەیە بێت و زۆر لەو کەمتری ڕادەستی حکومەتی عێراقی کرد.

 

نایف دەشڵێت، " ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پلانێکیان ڕادەستی ئێمە کردووە کە خەمڵاندنەکەیان چوار جار لەساڵی ڕابردووە زیاترە  بە جۆرێک کە بارانیش تێیدا بەراورد بەساڵی ڕابردووە زۆر کەمتر بووە".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پلانەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی  بە "نامەنتقی" وەسف کرد وتی، "پلانەکەیان شەفافییەتی تێیدا نەبووە بۆیە ڕادەستی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقمان کرد، حکومەتیش داوای لەهەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی عێراق کرد بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن".

 

 "لیژنەیەک بۆ ئەو پرسە پێکهێنرا و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمدا کرا و لەکۆتاییدا بڕیاردرا کە پلانی کشتوکاڵی ساڵی ڕابردووەی هەڕێم بۆ ئەمساڵ پەیڕەو بکرێت کە 350هەزار تۆن گەنمە لەگەڵ زیاد کردنی 10% بۆ ئەو ژمارەیە کە دەبێت لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان 390 هەزار تۆن گەنم ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات".

 

ئەو بڕیارەى بەغدا هەرێمى کوردستانى بەتەواوى رازینەکردووە، رۆژى 18ى ئەم مانگە و دواى دەرکردنى بڕیارەکە وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختیکردوەتەوە ئەم زیادكردنە لە ئاستی خواستى ئەواندا نییە و بەناچاری پەسندكراوە، "دەركەوت بابەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش بووەتە بابەتێكی سیاسی و ڕەنج و ماندوو بونیان لەبەرچاو ناگیرێت".  

 

نرخى وەرگرتنى گەنم

 نایف، باسی لە نرخی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵیش کرد وڕەتیکردەو قەیرانی دارایی کاریگەری هەبێت لەسەر نرخەکان وتی، "هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو نرخی یەک تۆن گەنمی پلە یەک بە 540 هەزار دینار دیاریکراوە، ئەوەش وەک پاڵپشتییەکی حکومەتی عێراقە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ بەرزنرخاندنی ماندووبوونی جوتیاری عێراقی".

me_ga.php?id=241

سەبارەت بەدۆخی گشتی کشتوکاڵی عێراق لە سەروبەندی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنادا نایف وتی "لە ئێستادا عێراق دۆخی کشتوکاڵی بەشێوەیەکی گشتی زۆرباشە بەجۆرێک توانیومان پشت بە بەرهەمی خۆماڵی خۆمان ببستێن کە لە ئێستادا زیاترلە 15 بەروبوومی کشتوکاڵی هاوردەکردنیان لەدەرەوەی وڵات قەدەغە کردووە".

 

"هەرێم پابەند نەبووە"

سەبارەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێکارەکانی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە وڵاتانی درواسێ، وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وتی "بەداخەو دەروازە سنورییەکانی هەرێم پابەندی بڕیارەکانی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان نیین کە ئەوەش وایکردووە تائێسشتا هێلەکەی ئۆکرانی، تورکی و ئێرانی لە سنورەکانەوە داخڵبکرین لەگەڵ چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی قەدەغە کراو کە ئەوەش بووەتە مایەیی گەیاندنی زیان بە جوتیاران بەگشتی".

 

 ئاماژەی بەوەشکرد کە "چەند ساڵێکە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پلانی پەرپێیدانی بەرهەمە خۆماڵییەکانی پەیڕەو کردووە و ڕێگری  دەکات  لەهاوردەکردنی ژمارەیەک بەروبوومی کشتوکاڵیی لە دەرەوەی وڵات کە هەنگاوێکی ستراتیژی ئەرینی بووە کە وایکرد لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کورونا و داخستنی سنورەکان عێراقدا هیچ کێشەیەکی لە دابینکردن و پڕکردنەوەی پێیداویستییەکانی هاووڵاتییانی عێراق ڕوونەدات  بەروبوومەکانیش بە کواڵیتییەکی بەرز و نرخێکی گونجاو بەردەست بێت" .

 

دەربارەی کاریگەرییەکانی پڕکردنەوەی بەنداوی" ئەلیسۆ" لەلایەن تورکیاوە لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕووباری دیجلەوە و کاریگەری لەسەر دۆخی گشتی کشتوکاڵی عێراق، نایف، وتی "لە ئێستادا عێراق عەمباری ستراتیژی ئاوی هەیە کە بەشی دوو ساڵ دەکات و دانووستەکانیش لەگەڵ وڵاتی تورکیا بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانی پشکی عێراق لە ئاوی ڕووباری دیجلە".