ناس کورد-
ئەندامێكى ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق ئاشكراى کرد، لەئێستادا داهاتى نەوت تەنها 20%ى موچە دابين دەكات و پەرلەمان بەدواى شوێنگەرەوەى تردا بۆ بەهێزكردنى بودجە دەگەڕێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەنين قەدۆ، ئەندامى ليژنەى دارايى پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكى رۆژنامەوانيدا بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: " حكومەت ڕوبەڕوى كێشە دەبێتەوە بۆ دابينكردنى موچەى مانگەكانى داهاتوو، چونكە داهاتى نەوت تەنها 20%ى بودجەى كارپێكردن تايبەت بە موچەى فەرمانبەرانى پێ دابين دەكرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان بەدواى شوێنگرەوەى ترى ڕاستەقينەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەى بودجەى پێ بەهێز بكرێت و لەڕێگەيەوە ئەم قەيرانەى ئێستا هەيە تێپەڕێنرێت.
قەدۆ باسى لەوەشكرد: "ياساى قەرزى دەرەكى باسى چەندين خاڵى كردوە كە دەتوانرێت سوديان لێ ببينرێت بۆ پڕكردنەوەى كورتهێنانى پێشبينيكراوى بودجە، حكومەت بە كێشەيەكى ڕاستەقينەدا تێپەڕدەبێت بۆ دابينكردنى موچە و تێپەڕاندنى بە هاريكارى هەموان بەدى دێت".
هەر ئەمڕۆ (يەكشەممە) ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق ڕايگەياند، بودجە پشت بە كۆبونەوەكەى رێكخراوى "ئۆپێك +" دەبەستێت و تائێستا نرخى نەوتى خاو جێگير نييە.
لەكۆبونەوەى ڕۆژى شەممەى ڕێكخراوى ئۆپێك پڵەس بڕيار درا بە كەمكردنەوەى بڕى بەرهەمهێنانى نەوت و پێويستە عێراقيش پێوەى پابەند بێت، ئەندامێكى ڕێكخراوەكەش ئاشكرايكرد، عێراق پابەند دەبێت و هەرێمى كوردستانيش بە كەمكردنەوەى بڕى بەرهەم پابەند دەكات.