کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- ئەحمەد مستەفا
.
به‌راورد به دووساڵى ڕابردوو ڕێژه‌ى كۆچكردنى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا كه‌میكردووه، كاریشدهكرێت بۆ ئه‌وەی په‌نابه‌ره نایاساییەکانی کە لە زیندانه‌كانی ئەوروپان، ئازادبكرێن و بگه‌ڕێندرێنه‌وه هه‌رێمى كوردستان، ئەوەش بە وتەی سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران.
.
ئارى جه‌لال، سه‌رۆكى ده‌زگاى لوتكه به ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: "زیندانهكانى توركیا و زیندانه سنورییه‌كان، ده‌یان په‌نابه‌رى كوردیان تێدایە، به‌شێك له‌وانه ڕه‌وشیان خراپه و له هه‌وڵى ئه‌وه‌داین به‌پێى ڕێكاره یاسایییه‌كان ئازادیان بكه‌ین و بیانگه‌ڕێنینه‌وه هه‌رێم، هەر ئه‌مڕۆش نۆ پەنابەری عێراقی کە لە نەتەوەکانی کورد و عەرەب بوون، لە زیندانەکانی تورکیا ئازادکران و لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەنبوڵەوە بۆ عێراق گەڕێندراونهتهوە".
.
بەڕێوەبەری دەزگای لوتکە وتیشی، دهزگاکەیان به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نە په‌یوه‌ندیداره‌كانى توركیا و عێراق و هه‌رێم، به‌رده‌وام له هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه ئەو کەسانەی به‌ڕێگاى نایاسایی کۆچیان کردووە و ده‌ستگیركراون بیانگەڕێننەوە هەرێم.
.
لە بارەی كۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بەرەو ئەوروپا بە ڕێگای نایاسایی، ئاری جەلال ئاماژەی بەوەکرد، ڕێژه‌ى كۆچکردن لە هەرێمەوە بۆ ئه‌وروپا، به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌میكردووه، ئه‌وه‌ش به‌راورد به دووساڵى ڕابردوو كه له‌م وه‌رزه‌دا بە لێشاو كۆچ دەکرا.
.
"شه‌ڕى داعش و هه‌نگاوه‌كان بۆ باشبوونى دۆخى ئابوورى هاوڵاتیان، له‌سه‌رووى هه‌موشیانه‌وه داخستن و توندكردنى ناوچه سنورییه‌كان به هێزى ئه‌منى، هۆكارن بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ى كۆچکردنی نایاسایی، كه زۆرێك له‌و كۆچهبهرانه یان له یۆنان یان له توركیا یان له بولگاریا دهستگیدهكرێن"، ئارى جه‌لال واى وت.
.
پیشتریش لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای لوتکە، ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە 100 کۆچبەری کورد، لە زیندانێکی بولگاریادا لە ڕەوشێکی خراپدان و داوای هاوکاری دەکەن.
.
.