کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی عێراق سەردانی پارێزگای کەرکوکیان کرد، ئەندامیکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش، ڕەخنەی توند لە ڕێکاری سەردانەکەی شاندەکە دەگرێت.
.
ئەحەمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "وەک ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نازانین ئامانجی سەردانی ئەو شاندەی حکومەتی عێراق چیبووە، چونکە تەنها سێ ئەندامی ئەنجومەنیان بەشداری پێکردووە لە کۆبوونەوەکانیان لە شارەکە".
.
"ئێمە نازانین ئەو ڕێكارانەی شاندەکە گرتیانە بەر لە کۆبوونەوەکانیاندا لە سەر ڕاسپاردەی كێ بووە، بەڵام ڕێکارێکی باش نەبووە"، ئەو ئەندامەی یەکێتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وای وت.
.
لە لایەکی ترەوە بێستون زەنگەنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك نوێنەری شاری كەركوك لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئاگاداربوون لە كارەكانی شاندە حكومییەكە، پەرلەمانتار 'جەمال محەمەد'مان دەستنیشان كردووە بۆ یاوری شاندەكە، ئەو ئاگاداری کاروباری شاندەکەیە".
.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، سەردانی شاندی حکومەتی عێراق بۆ کەرکوک، تایبەتە بەو دۆخەی ئێستا کەرکوکی تێکەوتووە لە ڕووی ئابوری، ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە.
.
هەرچەندە دەنگۆیەک هەبوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی شاندەکە بکات، بەڵام شاندەکە بەبێ عادل عەبدولمەهدی سەردانەکەیان دەستپێکرد، کە پێكهاتبوون لە وەزیرانی کارەبا، شارەوانی، نەوت و سەرچاوە ئاوییەکان، ئەمڕۆش لەگەڵ ڕاکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، کۆبوونەوە.
.
.