ناس کورد-
وەزیرى تەندروستى عێراق ڕایگەیاند، عێراق جەنگێکى سەخت لەدژى پەتاى کۆرۆنا بەرێوەدەبات کە "بەزەیی" ناناسێت، زیادبوونى ئامارى توشبووانیشى بۆ کەمى ئاستى هۆشیارى تەندروستى هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن تەمیمى، وەزیرى تەندروستى عێراق بە میدیای فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، "زیادبوونى ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ تواناى دامەزراوەکانى وەزارەت بۆ پشکنینى زیاترى هاوڵاتییان و ڕوپێوى مەیدانى و دۆزینەوەى حاڵەتە شاراوەکان".
وتیشى، "جەنگى دژى کۆرۆنا مەترسیدارە لەبەرئەوەى سەرچاوەکەى نادیارە و دیار نییە کەى کۆتایی دێت".
تەمیمى باسى لەوەکردووە، ژمارەى توشبووان لەریزى هاوڵاتییان و کارمەندانى تەندروستى بەمدواییە بەڕێژەیەکى بەرچاو زیادیکردووە، "لەگەڵ قەیرانەکەدا دەژین و جەنگێکى سەختمان لەدژى نەخۆشییەکە بەرپاکردووە کە بەزەیی ناناسێت، خۆمان ئامادەکردووە بۆ جەنگ تا کۆتایی".
دەشڵێت، ئامارى توشبووان زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەهۆى کەمى هۆشیارى تەندروستى هاوڵاتییان، پابەندنەبوونیان بە رێنمایی خۆپاراستن.
بەوتەى وەزیرى تەندروستى عێراق، پێکەوە ژیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە مەحاڵە و سودى نییە، ئاستى مەترسی پەتاکە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى ئامارى تووشبووان بەشێوەیەکى بەردەوام.
لە دوو هەفتەى ڕابردووەوە، شەپۆلێکی توندی کۆرۆنا عێراقی گرتووەتەوە بە شێوەیەک کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمار کراون کە ئەوەش پێشتر نمونەى نەبووە.
لەئێستادا ژمارەى توشبووانی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە 11 هەزار و 98 حاڵەت، هاوکات ژمارەى مردووانیش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و 318 حاڵەتی مردن بەهۆی کۆرۆناوە تۆمار کراون.
ئەوە لەکاتێکدایە ژمارەى چاکبووەکانیش گەیشتووەتە چوار هەزار و 904 کەس.