گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە پارێزگایەکی عێراق هەرکەسێک دەمامک و دەستەوانە نەپۆشێت 25 هەزار دینار سزا دەدرێت

2020.06.06 - 23:30
لە پارێزگایەکی عێراق هەرکەسێک دەمامک و دەستەوانە نەپۆشێت 25 هەزار دینار سزا دەدرێت

ناس کورد-

لیژنەی ڕووبەرووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا لەپارێزگای کەربەلا ڕایگەیاند، بۆ لەمەودوا هەرهاووڵاتییەک پابەند نەبێت بە بەستنی دەمامک و لە دەستکردنی دەستەوانە بەبڕی 25 هەزار دینار سزادەدرێت لە فەرمانگەکانی پارێزگاکەشدا مامەڵەی بۆ ڕایی ناکرێت.

 

نسەیف خەتابی، سەرۆکی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا لە پارێزگای کەربەلا لەباشوری عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیا عێراقییەکان ڕاگەیاند: " بەبڕیاری لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنای پارێزگای کەربەلا لە ئەمڕۆ (شەممە)  بەدواوە هەر هاووڵاتییەک لە کاتی هاتنە دەرەوی لەماڵەوە پابەند نەبێت بە بەستنی دەمامک و پۆشینی دەستەوانە بەبڕی 25 هەزار سزا دەدرێت".

 

خەتابی ئاماژەی بەوەشکرد: " بەنوسراوی فەرمی هەموو دامودەزگاکانی پارێزگاکەیان ئاگادارکردوەتەوە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەهاووڵاتیان بدرێت سەردانی فەرمانگەکان بکەن بەبی بەستنی دەمامک و لەدەستکردنی دەستەوانە".

 

جەختیشیکردەوە؛ " هەر هاووڵاتییەک پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبێت مامەڵەکەی لەفەرمانگەکانی پارێزگاکە ڕاییی ناکرێت ".

 

سەرۆکی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا لە پارێزگای کەربەلا ئەوەشی خستوەتەڕوو، داخستنی دەروازە سنورییەکانی پارێزگاکە لەگەڵ پارێزگانی دیکە عێراقدا بەداخراوی دەمێنێتەوە تەنها بۆ کاری فریاگوزاری تیمەکانی تەندروستی و ئاڵۆگۆری بازرگانی نەبێت".