ناس کورد-
نوێنەرێکی ڕێکخراوی ئۆپێک ڕایگەیاند، ڕێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت "ئۆپێک" عێراقیان ئاگادارکردوەتەوە کە دەبێت بەزوترین کات دەست بکات بە جێبەجێکردنی پلانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" کە زانیارییەکانی لەزاری نوێنەرێکی ڕێکخراوی ئۆپێک وەرگرتووە ئاماژەی بەوەکردووە: "ڕێکخراوەکە عێراقی ئاگادار کردوەتەوە کە دەبێت پابەند بێت بەو ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمێنانی نەوت".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "پلانی عێراق بریتییە لە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی لەسەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی لە هەموو عێراقدا".
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ ( شەممە) ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی ڕێککەوتن لەدرێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاکۆتایی مانگی تەموزی داهاتوو.
بەگوێرەی ڕۆیتەر، ڕێکخراوی ئۆپێک، داوای لەو وڵاتانە کردوە کە لەمانگەکانی نیسان و ئایاری ڕابردوودا نەیانتوانیوە پابەندی بڕیارەکانی کەمکردنەوە پشکی خۆیان بن لەبەرهەمهێنانی نەوت کە لەسەروبەندی هاڕەکردنی نرخی نەوت کەوڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بڕیاریان لەسەردابوو لە مانگەکانی تەموز تا مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەوە قەرەبوو بکەنەوە، کە عێراق و وڵاتی نەیجیریا یەکێکن لە وڵاتانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
ڕێکخراوی (ئۆپێک پڵەس) مانگی نیسانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و داروخانی نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهاندا بڕیاریدا ڕۆژانە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل لە مانگەکانی ئایار وحوزەیراندا کەمبکاتەوە و لە مانگی تەموزی داهاتوودا تا مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو 7.7 مليۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە کەمبکەنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت لەمانگی نیسانی ڕابردوودا دابەزی بۆ خوار 20 دۆلار، بەڵام لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازارەکانی جیهاندا بە 42 دۆلار مامەڵی پێوە دەکرێت.