ناس کورد-
وەزیری تەندروستی عێراق ڕەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەک بدرێت بەو نەخۆشانەی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکان دەمێننەوە دەشڵێت، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕووی زانستیەوە پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراقی کردوە لە قەڵاچۆکردنی ڤایرۆسەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ (چوارشەممە،3ى حوزەیرانى 2020) حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری نەجەف ڕایگەیاند : "دەبێت هەموومان لەم دۆخەدا تواناو هێزی خۆمان بخەینە پاڵ توانا و هەواڵەکانی سوپای سپی پۆش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کۆرۆنا".
وەزیری تەندروستی عێراق لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا هەموو ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە گوایە حکومەت بڕە پارەیەک دەدات بە توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتی مانەوەیان لە نەخۆشخانەکاندا و وتی "هیچ بڕە پارەیەک نادرێت بەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانەکاندا دەمێننەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە پەتای کۆرۆنا ".
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەڕووی زانستیەوە پاڵپشتی عێراقی کردووە لە بنبڕکردنی پەتاکە.
پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق لەمیانی گەڕانێکیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق لە ناو شاری بەغدا ئاشکرایکرد "وەزارەتی تەندروستی عێراق پلانی هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕۆژانە زیاتر لە 15 هەزار پشکنینی کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان ئەنجامبدات".