ناس کورد-
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری دا لە سبەینێوە قەدەغەی هاتوچۆ هەڵبگرێت و هەشت بڕیار و ڕێنمایی نوێیشی دەکرد و دەرگای مزگەوتەکان و شوێنە گەشتیارییەکان دەکرێنەوە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەڵەبجە:
- بەهۆی وەرزی دروێنە و سەرقاڵیی هاووڵاتییان بە کاری باخداری و کشتوکاڵەوە لە سنووری پارێزگامان، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە نێو شار و شارۆچکەکانی پارێزگای هەڵەبجە هەڵدەگیرێت، بەڵام تکا و داوامان لە سەرجەم هاووڵاتییانی خۆشەویستی پارێزگاکە ئەوەیە کە پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە و دوور بن لە هەر جۆرە بەریەککەوتنێک و شوێنێک کە قەرەباڵغی تێدابێت.
- سەرجەم شوێنە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە، بەمەرجێک پابەندی سەرجەم ڕێکارە تەندروستییەکان بن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و یەکە ئیداریەکانەوە دیاری دەکرێت، هەر شوێنێک پابەند نەبێت بە گرتنەبەری ڕێکاری تەندروستی و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، غەرامە دەکرێت و شوێنەکانیان بۆ ماوەیەکی دیاری کراو دادەخرێت.
- پێویستە سەرجەم نۆڕینگە پزیشکییەکان پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکان بن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بۆیان دەستنیشان دەکرێت.
- شوێنە گەشتیاریەکان دەکرێنەوە، بەمەرجێک پابەندی سەرجەم ڕێکارە تەندروستییەکان بن، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار دیاری دەکرێت.
- مزگەوتەکان دەکرێنەوە تەنها بۆ کاتی نوێژەکان و نوێژی هەینی، بەپێی ڕێنماییەکانی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە دیاری دەکرێت، بۆ ئەمەش داواکارین کە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی و مرۆیی سەیر بکرێت.
- قایمقامیەتی ناوەندی هەڵەبجە و سەرجەم یەکە ئیدارییەکان، دەسەڵاتی ڕێکخستنەوە و کردنەوە و داخستنی شوێنە خزمەتگوزارییەکانیان پێدەدرێت، بەمەرجی ڕەچاوکردنی ڕێکارەکان و ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان.
- پێویستە قایمقامیەتی ناوەندی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و یەکە کارگێڕییەکان، ڕۆژانە ڕاپۆرتی پێویست بە ژووری ئۆپراسیۆن پێشکەش بکەن سەبارەت بە جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندن و گرتنەبەری ڕێکارەکان.
- خاوەن تاکسیەکانی ناو شار پێویستە پابەندی ڕێنماییەكان بن، کە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەوە دەرچوون و پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەڵەبجە بە هاوکاریی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت، بەبەردەوامی چاودێریی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بن، و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.