گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 ئیندۆنیسیا گەشتی حەجی ئەمساڵی بەفەرمی هەڵوەشاندەوە

2020.06.02 - 15:47
App store icon Play store icon Play store icon
 ئیندۆنیسیا گەشتی حەجی ئەمساڵی بەفەرمی هەڵوەشاندەوە

ناس کورد-

وڵاتێکی گەورەی ئیسلامی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، گەشتی ئەمساڵی حاجیانی وڵاتەکەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 ئەمڕۆ(سێشەممە،2ى حوزەیرانی 2020) وەزارەتی کاروباری ئاینی ئیندۆنیسیا ڕایگەیاند، ئەمساڵ هیچ حاجییەکی ئیندۆنیسی بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، سەردانی وڵاتی سعودیە ناکات.

 

فەخر ڕازی، وەزیری کاروباری ئاینی ئیندۆنیسیا ڕایگەیاند، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی گەشتە ئاسمانییە نێوەدەوڵەتییەکان بڕیارماندا گەشتەکانی ئەنجامدانی فەریزی حەج بۆ ئەمساڵ هەڵبوەشێنینەوە".

 

بڕیاربوو ئەمساڵ 221 هەزار حاجیی ئیندۆنیسی بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، سەردانی وڵاتی سعودیە بکەن و90%ی ئەو هاووڵاتییە ئیندۆنیسیانەی کە مەبەستیان بووە ئەمساڵ ئەو ئەرکە ئاینییە بەجیبهێنن مامەڵە فەرمییەکانیان پێشکەش بەوەزارەتی کاروباری ئاینی وڵاتەکەیان کردوە.

 

جیاواز لەوڵاتە ئیسلامییەکانی دیکەی جیهان، وڵاتی ئیندۆنیسیا لەماوەی 20 ساڵدا تەنها یەکجار ڕێگەی بە هاووڵاتیانى دەدات گەشتی حەج ئەنجامبدەن.

 

سعودیە لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەرکەکانی ئەنجامدانی عومرە و حەجی ئەمساڵی هەڵسپارد و تائێستاش وادەی دەستکردنەوە بە ئەنجامدانی گەشتی حەجی ئەمساڵی ڕانەگەیاندووە کە بڕیارە لە مانگی تەموزی داهاتوودا ئەنجامبدرێت.

 

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانەوە بە پەتایەکى ترسناک و کوشندە پۆلێنکراوە، پەتاکە زیاتر لە شەش ملیۆن کەسی لە جیهاندا گیرۆدە کردووە و زیاتر لە 375 هەزار کەسیش بە هۆی توشبوونیان بە نەخۆشییەکەوە لەسەرتاسەری جیهاندا گیانیانلەدەستداوە.