ناس کورد-
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی لە پارێزگاکانی عێراقن تاوەکو تەواوبوونی قەدەغەی هاتووچۆ ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و پێویستە لەشوێنەکانی خۆیان بمێننەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: " ئاگاداری گشت ئەو ھاووڵاتی و فەرمانبەر و كارمەندانەی ھێزە ئەمنییەكان دەکەینەوە كە لە پارێزگاكانی عێراق دەوام دەكەن بەهۆی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانەوە تا 6ی ئەم مانگە ناتوانن بگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان و دەبێت لە شوێنی خۆتان بمێننەوە".
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا داوا لەو هاووڵاتى و فەرمانبەر و کارمەندى هێزە ئەمنییەکان کراوە تا تێپەڕبوونی ئەو وادەیە كە بۆ قەدەغەی ھاتووچۆ دیارى كراوە، لەو شوێنانە خۆیان بپارێزن و رێكاری خۆپارێزی بگرنەبەر.
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری ڕاگەیاند، بریارەکەش لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی بەرواری 6ی حوزەیران بەردەوامدەبێت.