ناس کورد- ڕۆژیار سیروان
برایەکی هاوبیر عومەر، ئەو توشبووەی کۆرۆنا کە دوێنێ لە سلێمانی گیانی لەدەستدا دەڵێت، براکەی پێشتر هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە و تەنگەنەفەسیشی نەبووە، دەشڵێت، ئەو سنگی ئیلتیهابی کردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ چارەسەرێکی پێنەدرا بۆیە وای لیهات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوێنێ شەممە، 30ی ئایاری 2020، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم گیانلەدەستدانی گەنجێکی توشبووی کۆرۆنای لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە.
بەندی عومەر، برای هاوبیر عومەر بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "براکەم پێشتر هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە و بەهۆی ئەوەی گورچیلەی ئازاری هەبووە بردوومانە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش، لەوێ چوار پشکنینیان بۆ کردین هیچ دەرنەکەوت لە کۆتا پشکنیندا وتیان کۆرۆناتانە و دەبێت بچن بۆ نەخۆشخانەی سەرچنار".
وتیشی: "خۆم و هاوسەرەکەم و خوشکم وبرام و براژنمیان بە مەفرەزە برد بۆ نەخۆشخانەی سەرچنار، دواتر چەند کەسێکیان ناردینە ماڵەوە و چەند کەسێکی دیکەیان هێناین لەگەڵ ئەو برایەمدا کە کۆچی دوایی کرد".
براکەی هاوبیر باسی لەوەشکرد: "ئەو هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبوو، تاوەکو ئەم چوار ڕۆژەی کۆتایی لەپڕ بارودۆخی تێکچوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی سنگی ئیلتیهابی کردبوو، بەڵام هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەکردبوو، بۆیە ئیلتیهابەکە قورس بوو لەسەری".
"لە نەخۆشخانەی شۆڕش هیچ شتێکیان بۆ نەکردین، بەڵام لە سەرچنار زۆر هاوکاریان کردووین و خزمەتیان کردووین، ئەوەی بۆیان کرابێت کردوویانە،" براکەی هاوبیر وادەڵێت.
سەبارەت بە گومانەکانیان لەسەر هۆکاری سەرەکی مردنی هاوبیری برای، بەندی عومەر باس لەوە دەکات: "تاوەکو ئێستاش ڕۆژانە پشکنینمان بۆ دەکرێت، بەڵام نازانین کۆرۆنامانە یاخود نا، چونکە پشکنین پیشانی کەس نادرێت و ئێمەش هەموومان بەپێی خۆمان هاتووینەتە ئێرە و تەندروستیمان باش بووە، بۆیە خۆشمان نازانین کۆرۆنامانە یاخود نا".
پێشتر منداڵێکی بە هەناسەتەنگی گیانی لەدەستداوە
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو منداڵێکی بچوکیشی هەبوو، هەر بە نەخۆشی هەناسەتەنگی گیانیلەدەستدا و ئێستاش منداڵێکی دیکەی هەر ئەو نەخۆشییەی هەیە، منیش هەر ئەو نەخۆشییەم لەگەڵدایە لەساڵی 2011وە، بەڵام هاوبیری برام ئەو نەخۆشییەی نەبوو پێشتر، هەر لەدوای ئەم چەند ڕۆژە کتوپڕ وای لێهات".
سەبارەت بە لەرزینی گیانی هاوبیریش، باس لەوەدەکات: "ئەو لەرزینە ئێمە هەر بە ویراسی هەمانە، باوکم و دایکم و بەشێک لە کەسوکارم ئەو حاڵەتەیان هەیە، بەڵام تێکچوونی باری تەندروستی هاوبیر بەو ماوە کەمە و کە پێشتر هیچ کێشەیەکی نەبووە، توشی گومانی کردووین".