گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی عێراق موچەی پلە باڵاکانی کەمکردەوە

2020.05.30 - 23:08
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی عێراق موچەی پلە باڵاکانی کەمکردەوە

ناس كورد-

حکومەتی عێراق بەبەمەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا  موچەی فەرمانبەرە پلە باڵاکانی حکومەت بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوە کەمبکاتەوە و دیاردەی دووموچە و سێ موچەش بنبڕکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە 30ى ئایاری 2020، نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە:  "مستەفاکازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی چاکسازی دارایی کرد ولە میانی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەرکۆمەڵێک ڕێکاردرا،  لەوانە کەمکردنەوە موچەی پلە باڵاکان لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا".

 

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە موچەی وەزیرەکان، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکان، بەڕێوەبەری دامەزارەوە حکومییەکان لە پارێزگاکان و ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتیان هەیە موچەکانیان کەمبکرێتەوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیلەوەشکردوەتەوە کە دەبێت پرنسیپی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پرسی کەمکردنەوەی موچەدا بە شێوەیەکی ڕوون جێبەجێبکرێت، بە جۆرێک نابێت لەمەودوا بابەتی دوو موچە و سێ موچە بمێنێت و دەبێت بنبڕبکرێت".

 

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیش لە چاکسازی موچەی ( ڕەفحا) کردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی باس لە وردەکارییەکان و چۆنێتی ئەنجامدانی چاکسازییەکە بخاتە ڕوو.

 

موچەی ڕەفحا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پاش دامرکانەوەی  ڕاپەرێنەکەی ساڵی 1991 لە باشوری عێراق ژمارەیەک کەس لە ترسی توڵەی ڕژێمی سەدامدا هەڵاتن بۆ وڵاتی سعودیە و لە کەمپی ڕەفحا مانەوە و پاش ڕوخانی ڕژێم لە ساڵی 2003  هەموو ئەوانەی لە کەمپی ڕەفحا نیشتەجیبوون  موچەی  خانەنشینیان بۆ بڕایەوە، بە جۆرێک موچەی  خانەنشینییەکەیان  بە دەیان جار لە موچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی حکومەت زۆرترە کە ئەوەش وایکرد جیاوازێکی چینایەتی و دەرونی لە ناخی عێراقییەکاندا دروستبکات.

 

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، عێراق لەچوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 11 ملیار دۆلار لە داهاتی فرۆشی  نەوتی  کەمبووەتەوە، ئەوەش  بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت  و قەیرانی کۆرۆناوە.