ناس کورد-
سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە دیدارێکدا تاوتوێی دۆخی گشتیی عێراقیان کرد و جەختیانکردەوە لە پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دابینکردنی بژێوی گشت هاووڵاتیانی عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایاری 2020، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دیدارەکە، لە میانی دیدارەکەدا، دووپاتکرایەوە لە پێویستی پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و کاندیدکردنی کەسانی بەتوانا و دەستپاک و پشتیوانیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی هاونیشتمانیان و چەسپاندنی چاکسازییە داواکراوەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیانکردەوە لەگرنگی پیادەکردنی سیاسەتی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق، ھاوکات دووپاتیان لەپێویستی چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردەوە کە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت و گرنگی دانی زیاتر بەرووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پشتیوانی لایەنە تەندروستییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دابینکردنی بژێوی گشت هاووڵاتیانی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر لەمیانەی دیدارەکەدا، تیشک خرایەسەر قۆناغی ئێستای وڵات کە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و پەیوەستبوونی هەمووان هەیە بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و بەردەوامی سەرکەوتنەکان، بەجۆرێک کە ئاسایش و ئارامی بۆ ھاووڵاتیان دابین بکات.