گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەڵام بەرزبوونەوەى نرخى نەوت ئومێدى پێدەبەخشێت’’

کابینەکەى کازمى خەزێنەیەکى ڕادەستکراوە کە ’’هەندێ پارەى وردەى تێدايه’’

2020.05.27 - 11:02
App store icon Play store icon Play store icon
کابینەکەى کازمى خەزێنەیەکى ڕادەستکراوە کە ’’هەندێ پارەى وردەى تێدايه’’

ناس کورد

بەرزبوونەوەى نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان ئومێدێکى بە مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەخشیوە بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى دارایی کە لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدییەوە بۆى ماوەتەوە، ئەوەش بەپێی ڕۆژنامەى (عەرەب)ى لەندەنى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەکە، خالید بەتال، وەیزرى پلاندانانى عێراق دانى بەوەداناوە کە حکومەتى نوێ خەزێنەیەکى ڕادەستکراوە کە هەندێ پارەى وردەى تێدا بووە، ئەوەش لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەو بڕە پارە کەمەى لە خەزێنەکەدا بووە.  

 

بەپێی ڕۆژنامەکە، حکومەتى عێراق پێویستى بە چوار ملیار دۆلارى مانگانە هەیە بۆ دابەشکردنى موچەى ملیۆنان فەرمانبەر و خانەنشین و تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى، ئەوەش بڕە پارەیەکە پێویستە خەرجى بکات.

 

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ڕۆژنامەکەیان وتووە، داهاتى عێراق لە فرۆشى نەوت لەنێوان سەرەتاى ئازار و کۆتایی ئەم مانگەدا، لە باشترین دۆخدا دەگاتە پێنج ملیار دۆلار، ئەوەش بڕێکى کەمە و حکومەت دەخاتە بەردەم کورتهێنانێکى گەورەوە.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیران بەڵێنى لەچەند وڵاتێکى عەرەبی و نێودەوڵەتى وەرگرتووە، لەبارەى پێشکەشکردنى یارمەتى دارایی پێویست بە عێراق بە ئامانجى تیپەڕاندنى ئەم قەیرانە.

 

موچەخۆران ئومێدێکیان بۆ گەڕایەوە کاتێک حکومەت ڕایگەیاند دەستدەکات بە دابەشکردنى موچەى ئەم مانگە، بەبێ لێبڕین، بەڵام بەکارهێنانى وشەى لێبڕین دەنگۆى زۆرى لێکەوتووەتەوە لەبارەى جێبەجێکردنى لەمانگەکانى داهاتوودا.

 

عێراق بۆ دابینکردنى نزیکەى 98%ى بودجەى ساڵانەى پشت بە فرۆشى نەوت دەبەستێت، بەهۆى دابەزینى نرخەکەشیەوە نزیکەى سێیەکى داهاتى مانگانەى لەدەستداوە. جگە لەوەش دەبێت بەپێی رێککەوتنەکەى ئۆپیک پڵەس پابەندبێت بە کەمکردنەوەى نزیکەى چارەکى هەناردەى نەوتەکەى.

 

رۆژنامەکە باسى لەوەشکردووە، ئەو بڕە پارەیەى مانگانە عێراق پێویستیەتى بۆ بەکاربردن و وەبەرهێنان و گەشەپێدان نزیکەى 10 بۆ 12 ملیار دۆلارە، کە لەسەردەمى دەسەڵاتدارێتى نورى مالیکیدا مانگانە خەرجکراوە، کاتێک نرخى نەوت زۆر بەرز بووە.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، رۆژى سێشەممە کازمى هەواڵى مژدەبەخشى پێگەیشت لە بازاڕەکانى نەوتەوە، کاتێک نرخى نەوتى برێنت بەرزبووەوە کە نەوتى عێراقیش لەهەمان جۆرە.

 

پلاندانەرانى وەزارەتى دارایی پێشوەختە پلانیانان داناوە کە ئەگەر نرخى نەوت سەقامگیربێت لە 56 دۆلاردا بۆ هەر بەرمیلێک دەتوانرێت بودجەى بەکاربردن خەرج بکرێت. بەڵام شارەزایانى ئابورى پێیانوایە فرۆشتنى هەر بەرمیلێک نەوتى عێراق بە 40 دۆلار خەرجییە پێویستییەکانى وڵات دابیندەکات.

 

ڕاگەیاندنى خێراى دابەشکردنى موچەى ئەم مانگە بەبێ لێبڕین، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەى عەلى عەلاوى وەزیرى دارایی بۆ سعودیە، وەکو نوێنەرى کازمى، ئەوەش ئاماژەیە لەسەر ئەوەى حکومەت دەیەوێت هەنگاوى یەکلاکەرەوە بنێت، لەناو نیگەرانییەکى گەورەى حزب و گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران، ئەوەش بەپێی رۆژنامەکە.