ناس کورد-
لەدوای تۆمارکردنی دەیان حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی هەرێم دۆخەکە بە "مەترسیدار" ناودەبات چونکە هەشت لە توشبووانی نوێی نەخۆشییەکە سەرچاوەی توشبوونیان دیار نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند، دۆخەکە جێگەی نیگەرانییە و حاڵەتەکانی ئەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو مەترسیدارن، نادیاری سەرچاوەى توشبووانی نەخۆشەکان واتە بەرکەوتەى کەسانی ترن، ئەو کەسانەى تر بە ئاسایی لەناو خەڵکدا هاتوچۆ دەکەن و بەرکەوتەیان لەگەڵ کەسانی تر هەیە بەبێ ئەوەى نیشانەیان هەبێت.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتەکە تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2020، 502 حاڵەتی نەخۆشی کۆرۆنا لە سەرانسەری هەرێم تۆمار کراوە، بەڵام ژمارەى مردووان جێگیرە و تەنها پێنج کەس مردوون.
ئەوەى جێگەى خۆشحاڵییە، 403 کەس نەخۆشییەکەیان پەڕاندووە و نەخۆشخانەکانیان بەجێهێشتووە.
لەبارەى هەنگاو و ڕێکای نوێی بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکان، وتەبێژەکەى وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، "قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژن بەردەوامە، بەڵام هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوە."
ئەوەى جێگەی نیگەرانییە بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووانە لە عێراق کە گەیشتووەتە چوار هەزار و 629 کەس، هەرچەندە هەرێم هاتوچۆی لەنێوان پارێزگاکان قەدەغەکردووە، بەڵام محەمەد قادر خۆشناو جەختیکردەوە کە هەرکەسێک لە بەغدا کەرەنتینە بکرێت و بێتە هەرێم تەنها پشکنینی بۆ دەکرێت.
ئاماژەى بەوەشکرد کە "پشکنین و چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ڤایرۆسەکە."