گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’چەند گروپێكی چەكداری شیعە چوونەڕیزی كازمی’’

ڕاپۆرتێکی بەریتانی: ئێران دۆستەکانی لە عێراق ئاگادارکردووەتەوە دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدەن

2020.05.25 - 15:39
ڕاپۆرتێکی بەریتانی: ئێران دۆستەکانی لە عێراق ئاگادارکردووەتەوە دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدەن

ناس كورد-

ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای بەریتانی ئاشكرای كردووە، مانگێك پێش ئێستا پەیامێك لەلایەن ئێرانەوە گەیشتووەتە سەرجەم گروپە نزیكانەی ئێران لە عێراقدا کە تاران چیتر دەستوەردان لە كاروباری سیاسی عیراقییەكان ناكات و ئەو كارەی بۆ خۆیان بەجێهێشتووە.

 

باسی لەوەشكردووە، ئێرانیەكان هیچ دەستوەردانێك لە وردەكارییەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ناكەن و ئەوانەش لە دەسەڵاتی كاروباری سەرۆكوەزیرانی نوێ و كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەن و هەقیان بەسەر وردەكارییەكانەوە نییە و ئەوەیان بۆ بەرپرسانی عێراق بەجێهیشتووە چۆن بڕیاردەدەن چ كەسێك شیاوە ئەو پۆستەی بدەنێ.

 

باس لەوەش كراوە، ئەو پەیامە نوێ نییە بەڵام دڵنیاكردنەوەیە لەسەر ئەو ئاماژە و تێبینانە كە پێشتر ئیسماعیل قائانی گەیاندوویەتیە عێراقیەكان لەمیانی سەردانەكەی كە مانگی ئادار بۆ عێراق ئەنجامیدا.



كاتێك 30 ئازاری ڕابردوو ئیسماعیل قائانی گەیشتە بەغدا، عێراق دەستی كردبووە گرتنەبەری ڕێوشوێنە تەندروستیەكان بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرباری ئەوەی هەوڵ دەدات پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكوەزیران بە پاڵپشتی لایەنە سیاسیەكان یەكلایی بكاتەوە .

 

لەڕۆژی دووەمی سەردانەكەیدا قائانیی چەند سەركردەیەكی شیعەی بینی لەوانە عەمار حەكیم و نوری مالیكی و هادی عامری و فالح فەیاز، بەپێی ماڵپەڕە بەریتانیەكە ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو لەو سەردانەیدا قائانی هیچ سەركردەیەكی گروپە چەكدارەكانی نەبینی.

 

بەپێی زانیارییەكانی سەركردەیەكی شیعەی ئامادەبووی كۆبوونەوەكە كە قسەی بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، كۆبونەوەكانی قائانی سیاسیی بووە و هیچ تەوەرێكی سەربازی و ئەمنیی باس نەكراوە.

سەركردە شیعە ئاگادارەكە باسی لەوەش كردووە، پەیامەكەی قائانی بۆ چوار سەركردە سیاسیەكە ئەوە بووە، ئێرانیەكان دەستوەرنادەنە وردەكارییەكانی كاروباری سیاسیی عێراقەوە و هیچ ناوێك بۆ دیاریكردنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی نوێ ناسەپێنن، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی هیچ سەرۆكوەزیرانێكی نەیاری ئێران ناكەن یاخود ئەوانەی كە دژایەتی خۆیان بۆ دۆستەكانی ئێران لەعێراقدا دەرببڕن. گەرچی وابڵاوكرایەوە لەسەردانەكەی ڕۆژی دواتردا بۆ نەجەف موقتەدا سەدر دەبینێت، بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ماڵپەڕەكە لەبری دیدار لەگەڵ سەدردا ، قائانی لەگەڵ محمەد ڕەزا سیستانی كوڕە گەورەی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقدا كۆبووەتەوە.

 

تائێستاش نازانرێت هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی دیدارەكەی قائانی لەگەڵ سەدردا چی بووە، بەڵام لەڕێگەی یەكێك لە یاریدەدەركانیەوە نامەیەكی بۆ سەدر ناردووە.

 

كەسایەتیەكی سیاسی شیعە ئەوەی ئاشكرا كردووە، دیدارەكەی قائانی لەگەڵ كوڕەكەی سیستانیدا زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاندووە و پەیامێكیشی ڕوونی خامنەی گەیاندووەتە مەرجەعی باڵای شیعەكان ئەویش ئەوەیە، بیروباوەڕی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان بەلای ئێرانیەكانەوە لە پێشینەیە و ئەوان ئامادەن گفتوگۆی هەر پێشنیارێك بكەن بۆ ڕێكەوتن گەر ئەو بیخاتەڕوو.

 

داواكاری سیستانیش ڕوون بوو، ئەویش ئەنجامدانی هەر ڕێكەوتنێكی سیاسی و ئەمنیی و ئابوری لەنێوان ئێران و عێراقدا دەبێت لەڕێگەی دەزگا حكومییە فەرمییەكانەوە گفتوگۆ بكرێت.

سیستانی ڕاگرتنی هەر جۆرە پاڵپشتیەك بۆ هێزە عێراقیەكان كە ئاڵنگاری بۆ دەوڵەت دروست بكات بەپێویستی زانی، بەوتەی سەرچاوەكە، سیستانی وتویەتی نابێت ڕێگە بە سوپای پاسداران و دەزگای هەواڵگری ئیرانی بدرێت مامەڵە لەگەڵ هەر لایەن و هێزێكی سیاسی  و سەربازی عێراقدا بكەن تەنها لەڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانی حكومەتەوە نەبێت.

 

سەرچاوەكەیەكی نزیك لە سیستانی بۆ ماڵپەڕەكە ئاشكرای كردووە، لە دیدارەكەی قائانی و محمەد ڕەزا باس لە ناڕەزایەتیەكانی سیستانی لەسەر چەند دەستوەردانەكانی ئێران كراوە كەچۆن ڕێگەچارەیەك بۆ ڕەزامەندی و كەمكردنەوەی توڕەییەكانی سیستانی لەو كارانەدا بدۆزرێتەوە.

 

سەركردەیەكی نزیك لە فەیلەقی قودس بە ماڵپەڕی میدڵ ئێست ئای وتووە، دروستبوونی بۆشایی بۆ شوێنەكەی قاسمی سولەیمانی ناكۆكی لەناو ماڵی شیعەكاندا بۆ ماوەی هەشت هەفتە دروستكردووە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران بەهۆی ئەوەی ئەوانە ڕاهاتبوون سولەیمانی بۆچونەكانیان لەو پرسانەدا یەكبخات.

 

لەلایەكی ترەوە، ڕەتكردنەوەی ئێران بۆ دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراق، فەتحی شڵەژاند كە هاوپەیمانی ئێرانە و ڕێگەی بە حزبەكەی عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادیدا دەرفەتە بقۆزنەوە و ڕێكەوتنێك لەگەڵ سەرۆككۆمار و موقتەدا سەدردا بكەن بۆ كاندیدكردنی كازمی كە پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان و ئەمریكا و ئێرانیشدا هەیە.

 

سێ سەرچاوەی ئاگاداری سەردانەكەی قائانیی كە قسەیان بۆ ماڵپەڕەكە كردووە باسیان لەوە كردووە، قائانیی هەوڵی كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ كاندیدێك نەداوە بەڵكو لەبری ئەوە پەیامێكی گەیاندووە كە بۆی هاتووە.

 

سەرۆكی لایەنێكی سیاسی شیعەكان كە نەیویستوە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بەماڵپەڕەكە بەریتانیەكەی ڕاگەیاندووە، بڕیارێك لە ڕابەری باڵای ئێرانەوە دەرچووە بۆ كۆتایهێنان بەهەر دەستوەردانێكی ئێران لەدۆسیەی عێراقیدا و هەموو جۆرە دەستوەردانێكیش لەوردەكاری كاروبارەكانی عێراق ڕابگیردرێت جگە لەپرسە ستراتیژییەكان.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هیچ بەرپرسێكی ئێرانی دەستوەردانی لەدانوستانەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی نوێ و هەر كابینەیەكی وەزارییەوە نەكردووە كە پێشتر قاسم سولەیمانی كردوویەتی.

 

باسی لەوەشكردوە، پێكهێنانی كابینەكەی كازمی یەكەم دۆسییە كە ئێران دەستوەردانی تێدا نەكردبێت وەكو ئەوانەی پێشوو و چاوەڕوانیشن بزانن ئەو دۆسییانە چۆن دەمێننەوە.

 

سەركردەیەك لە كەتیبەكانی نوجەبا بە میدڵ ئێست ئای وتووە، كەتبیەكانی تۆڵەی خودای و خۆراسانی و نوجەبا و حزبوڵا پەسەندكردنی  كازمیان ڕەتكردووتەوە و كارەیان خستووەتە ئەستۆی ئێرانەوە بۆ بڕیارە نوێیەكەی.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كەتیبەكانی عەسائیبی ئەهلی هەق و جوندی ئیمام ڕەزامەند بوونە بەبڕیارە نوییەكەی ئێران بەڵام زۆریش بۆی بەداخ بوون.

 

بەڵام ڕێكخراوی بەدر و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا بڕیاری پشتیوانیكردنی كازمییانداوە.

 

سەركردەكەی نوجەبا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شیعەكان شیعەكان دەستپێخەریان لەدەستتداوە، كازمی شیعەیە بەڵام كاریان لەگەڵدا ناكات و ئەوەش پێشینەیەكی مەترسیدارە، كازمی هیچ گەرەنتیەكی پێنەداوون و ئێرانیەكانیش دەرفەتی دەنگدانیان پێداوە و دەستیان لەهەموو كاروبارێك هەڵگرتووە.