گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر لە 300 هەزار کرێکاری بەنگلادیشی بەنایاسایی هاتوونەتە عێراق و کاردەکەن

2020.05.22 - 14:09
App store icon Play store icon Play store icon
زیاتر لە 300 هەزار کرێکاری بەنگلادیشی بەنایاسایی هاتوونەتە عێراق و کاردەکەن

ناس کورد-

 

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاشكرایکرد، زیاتر لە 300 هەزار کرێکاری بەنگلادیشی کە بەنایاسایی هاتوون لە عێراقدا هەن، ئەوەش بەهۆکارێکی دروستبوونی بێکاری بۆ هاووڵاتیانی ناوخۆ دادەنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەبار باهض، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەستمانکەوتووە دەربارەی کرێکارانی بیانی لە وڵاتەکەمان، زیاتر لە 300 هەزار کرێکاری بەنگلادیشی بە نایاسایی و بەبێ مۆڵەت هاتوونەتە عێراق و کاردەکەن".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەزارەتەکەمان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، ڕێگەبگرن لە هاتنەناوەوەی کرێکارانی بەنگلادیشی، ئەوەش بەهۆی ژمارە زۆریان و هەروەها لەپێناو کرێکارانی ناوخۆدا".

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا کە وڵاتەکە بە قەیرانێکی سەختدا تێپەڕدەبێت و ڕێژەی بێکاری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بوونی ئەو ژمارە لە کرێکاری بیانی هێندەیتر بێکاری ناوخۆیی زیاد دەکات.

 

بەشێک لە سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق باس لەوەدەکەن، بوونی کرێکارانی بیانی و کارکردن پێیان یەکێکە لە گەندەڵییە داراییەکان، بەوپێیەی کرێکارانی بیانی بە هەرزانتر لە کرێکارانی ناوخۆ کاردەکەن و ئەوەش وا لە خاوەن کارەکان دەکات، کرێکارە ناوخۆییەکان دەربکەن و کرێکاری بیانی لە جێگەیان دابنێن.