گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مامۆستایانى ناڕازى دەچنەوە ناو هۆڵەکانى تاقیکردنەوە؟

ناس کورد گرفتەکانى بەردەم ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان ئاشکرادەکات 

2020.05.21 - 10:35
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد گرفتەکانى بەردەم ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان ئاشکرادەکات 

ناس کورد-رۆژیار سیروان 

بڕیارە لە 1ى حوزەیرانى ئەمساڵ دەرگاى هۆڵەکانى تاقیکردنەوە بەڕووى خوێندکاران بکرێتەوە و لەگەڵ ئەوەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان تەواو کردووە بەڵام لە بەدواداچونێکى ناس کوردا چەند گرفتێک ئاشکرا بوون کە مەترسین لەسەر ئەنجامدانى پڕۆسەکە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

عومەر محەمەد، یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەى سلێمانى بە ناس کوردى راگەیاند ، تاقیکردنەوەکان لە 1ى حوزیران دەست پێدەکات بۆ سەرجەم پۆلەکان لە یەکى بنەڕەتى تا پۆلی 12ى ئامادەیی، بەڵام تاقیکردنەوەى پۆلی 12ی ئامادەیی تەنها بۆ داغڵبوونە چونکە تاقیکردنەوەکانیان لە 11ى تەموز دەستپێدەکات. 

 

راشیگەیاند ، خوێندکار بەهیچ شێوەیەک پابەندنیە بەو وانانەى لە قوتابخانەى ئەلکترۆنى و هەورە فێرگە دانراون، چەند بەشە وانەیان لە قوتابخانە  خوێندووە هەر ئەوەندە دانراوە بۆ تاقیکردنەوەکان . 

 

عومەر محەمەد ئاماژەى بە رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستیدا بۆ کاتى تاقیکردنەوەکان بە جۆرێک ماوەى نێوان دوو خوێندکار کەمتر نەبێت لە مەترێک و  کاتێک دەچنە تاقیکردنەوەکان دەستکێش و دەمامکیان پێبێت ، جگە لەوەش  پێویستە پێش دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکان پشکنینی گەرمی پێو بۆ  سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان ئەنجام بدرێت،  لەئەگەری بەرزى پلەى گەرمی ئەو فێرخوازە پێویستە جیابکرێتەوە و بە تەنها تاقیکردنەوەى پێبکرێت . 

 

یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەى سلێمانى لەو بڕوایەدایە جێبەجێکردنى ئەو رێنماییانە کارێکى قورس دەبێت و ناتوانن ئامێرى گەرمى پێو بۆ سەرجەم قوتابخانەکان دابین بکەن  و  داواى لە حکومەت و  پارێزگاری سلێمانى کرد بودجەیەکى تایبەتیان بۆ تەرخان بکات. 

 

عومەر محەمەد پێشبینى ئەوەى کرد رێژەى دەرچوون لە ساڵانى رابردوو باشتر بێت. 

 

هاوکات ئەندامێکى ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى ناڕازى لەو بڕوایەدایە پڕۆسەى تاقیکردنەوەکانى ئەمساڵ لەبەردەم هەڕەشەیەکى گەورەدایە، چونکە ب ۆماوەى چوار مانگ دەبێت خوێندکار و قوتابی دابڕاون لە هۆڵەکانى خوێندن و ناتوانن بەباشی خۆیان ئامادەبکەن.

 

جەختیشى کردەوە"لە  ئەگەری دابەشکردنى موچەش کۆى مامۆستایانی ناڕازى  ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانى تاقیکردنەوە و گرفتی گەورە بۆ پڕۆسەى تاقیکردنەوەکان لە هەرێمى کوردستان دروست دەبێت. 

 

عادل حەسەن، ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى ناڕازی داوا لە وەزیری پەروەردە و بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانی دەکات پڕۆسەى تاقیکردنەوەکان هەڵبوەشێننەوە و ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى وەرزى یەکەم هەژمار بکرێت بۆ وەرزى دووەم و ئاماژە بەوە دەکات "سەرجەم خوێندکاران لە بارێکى دەروونى ناجێگیردان".