ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى گۆڕانى خشتەى کارکردنى مۆلیدە ئەهلییەکانى ڕاگەیاند بۆ 24 کاتژمێرى، دواى ئەوەى لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرما ماوەى کارەباى نیشتیمانى رووى لە کەمبوونەوەى بەرچاو کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ (سێشەممە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو پێویستی بوونی کارەبای بەردەوام، لە ئەمڕۆوە بەرنامەی کارکردنى مۆلیدەکان دەبێت بە 24 کاتژمێری.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەر کاتێک کارەبای نیشتیمانی کوژایەوە پێویستە مۆلیدەکان کارەبا بدەن.
گۆڕانى خشتەى پێدانى کارەباى مۆلیدە ئەهلییەکان دواى دوو رۆژ دێت لە ڕاگەیاندنى کەمبوونەوەى ماوەى دابەشکردنى کارەباى نیشتیمانى لەلایەن وەزارەتى کارەباوە.
وەزارەتەکە رۆژى یەکشەممە لەڕاگەیەنراوێکدا ئاستى بەرهەمهێنانى کارەباى بۆ 2500 مێگاوات ڕاگەیاندبوو، لەكاتێكدا پێشتر توانای بەرهەمهێنانی كارەبا 3200 مێگاوات بووە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنى شەپۆلى گەرما و زیادبوونى خواستى هاووڵاتیان لەسەر بەکارهێنانى کارەبا، ماوەى پێدانى ئەو وزەیە بە هاوڵاتییان بەشێوەیەکى بەرچاو کەمدەبێتەوە، بەو هۆیەشەوە مۆلیدە ئەهلییەکان زیاتر کار دەکەن بۆ پێدانى کارەبا بە نرخێکى زۆرتر لە مانگەکانى پێشوو.