گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یارى پۆکەرى ترەمپ و بن سەلمان

چۆن نەوت گۆڕا بە یارییەکى مەترسیدار بۆ سعودیییەکان؟

2020.05.18 - 23:16
App store icon Play store icon Play store icon
چۆن نەوت گۆڕا بە یارییەکى مەترسیدار بۆ سعودیییەکان؟

ناس کورد-

لەژێر ناونیشانى "نەوت گۆڕاوە بۆ یارییەکى مەترسیدار بۆ سعودییەکان"، ڕۆژنامەى وۆل ستریت جۆرناڵى ئەمریکى وتارێکى بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باس لە یارى پۆکەرى مەترسیدارى نێوان دۆناڵد ترەمپ و محەمەد بن سەلمان دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە وتارەکەدا کە لەلایەن كارين ئليوت هاوسەوە نوسراوە هۆشداری دراوە لەوەى کەرتى نەوتى ئەمریکا و هاوبەشى نێوان ئەمریکا و شانشینەکانى کەنداو لە مەترسیدایە.

 

ئاماژە بەوەش دراوە کە هاوڕێیەتى نێوان بن سەلمان و ترەمپ بەخێرایی گەشەی کرد لەو کاتەوە کە ترەمپ لەدواى هەڵبژاردنییەوە بە سەرۆک سەردانى سعودیەى کرد، ترەمپ لە پاڵ سعودیەدا وەستا کاتێک پەیوەندییەکانى لەگەڵ قەتەر پچڕاند و شازادەى جێنشین تۆمەتبارکرا بە ڕەزامەندیدان لەسەر تیرۆرکردنى جەمال خاشقچى.

 

بەڵام نوسەرەکە باسى لەوەکردووە کە شازادەى جێنشینى سعودیە لە ئێستادا هەڕەشەیە بۆ سەر کەرتى نەوتى ئەمریکا و ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا، دوبارە هەڵبژاردنەوەى ترەمپ.

 

لە مانگى ئازاردا بن سەلمان بازاڕەکانى نەوتى نغرۆکرد بۆ فشار خستنەسەر ڕوسیا لە پێناو کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان و پشتیوانیکردنى نرخەکەى، لە بڕیارێکدا کە هاوکاتى بڵابوونەوەى کۆرۆنا بوو، بووە هۆى دابەزینى ئابوریی لەسەر ئاستى جیهان و پاشەکشەى نرخى نەوت بۆ ئاستێکى مێژویی.

 

دەستوەردانى ترەمپ لە سەرەتاى نیساندا بۆ ڕازیکردنى هەریەکە لە سعودیە و ڕوسیا و وەبەرهێنەرانى دیکەى نەوت بۆ کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان، نەبووەتە هۆى باشبوونى دۆخەکە بەڕێژەیەکى گەورە، کاتێک ئاستى بەکاربردن لە جیهاندا کەمبوویەوە لەگەڵ رێوشوێنەکانى داخستن کە زۆرێک لەوڵاتان پەیڕەویانکرد بە ئامانجى سنوردانان بۆ بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا.

 

بەڵام لەمڕۆدا گرەوەکان زۆر زیاترن لەلاى هەریەکە لە ترەمپ و بن سەلمان، بەوتەى نوسەرى وتارەکە، دۆخى ئەمریکا وەکو گەورەترین بەرهەمهێنەرى نەوت پاشەکشەیکردووە لەگەڵ ئاستى خۆبژێوى ئەمریکا لەکەرتى وزەدا، ئەوەش کارێکى گرنگە لەرووى ئاسایشەوە.

 

بەڵام بەراورد بە سعودیە، لەگەڵ مانەوەى نرخى نەوت لە سنورى 30 دۆلاردا بۆ هەر بەرمیلێک، ڕوبەڕووى خراپترین قەیرانى دارایی دەبێتەوە لەماوەى چەند دەیەیەکدا و خراپترین ئەگەریش لەدەستدانى پارێزگارى ئەمریکایە بۆ ئەو وڵاتە.

 

لەگەڵ بوونى ئەو قەیرانە، بەپێی نوسەرەکە هەلێکى کارى هاوبەش هەیە بۆ باشکردنى نرخى نەوت و پەیوەندى نێوان سعودیە و ئەمریکا، هەر هەنگاوێکیش بەو ئاڕاستەیە پێویستى بە جموجۆڵى خێرا هەیە لەلایەن بن سەلمان و هاریکاریی و دانایی لە ترەمپەوە، پێش لوتکەى بەرهەمهێنەرانى نەوت لە 10ى حوزەیراندا.

 

ڕونیشی کردووەتەوە، هەردوو سەرۆک چەندین پرس هەیە کە پێکەوە کارى لەسەر بکەن، ئەگەر بتوانن سنور بۆ یارى پۆکەرى نێوانیان دابنێن و هەنگاو بنێن بۆ سەقامگیریکردنى بازاڕەکانى نەوت، "بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەنگاوە مەترسیدارەکانى ئێستا، هەردولا دەدۆرێن".

 

نوسەرەکە دەڵێت، ترەمپ هەفتەى ڕابردوو یارى بە کارتێکى بەهێز کرد کاتێک  کە ئیدارەکەى ڕایگەیاند، سیستەمى بەرگرى موشەکى پاتریۆت کە لە سعودیە بڵاویکردووەتەوە بۆ پارێزگارى لە دامەزراوە نەوتییەکانى دەکشێنێتەوە، دواى هێرشێکى ئێران بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان.

 

دواى ڕۆژێک شازادەى جێنشینى سعودیە بە هێمنى بەڵێنیدا ئاستى بەرهەمهێنان بە رێژەى ملیۆنێک بەرمیلى دیکە لە مانگى داهاتوودا کەمبکاتەوە، بەڵام بەوتەى نوسەرەکە ئەوە بەتەنها بەس نییە بۆ گەڕانەوەى هاوسەنگى لەنێوان خواست و خستنەڕوودا.

 

گەشەکردنى کەرتى نەوتى ئەمریکا و دەستکەوتەکانى لەمیانەى سەرۆکایەتى ترەمپدا، بەپێی وتارەکە، بووەتە هۆى ئەوەى کۆى هاوردەکردنى نەوت لەلایەن ئەمریکاوە لەساڵى ڕابردوودا بۆ 3% دابەزێت کە نزمترین ئاستە لەساڵى 1954 ەوە.

 

لە مانگى شوباتدا، پیشەسازى نەوتى ئەمریکا ئاستێکى پێوانەیی تۆمارکرد، بەڵام شیکەرەوانى ئەو کەرتە پێشبینیدەکەن مایەپوچبوونى کۆمپانیاکان ببێتە هۆى دابەزینى ئاستى بەرهەمهێنان بەڕێژەى نزیکەى 20% لەکۆتایی ئەمساڵدا.

 

پیشەسازى نەوتى بەردین لە ئەمریکا لانى کەم پێویستى بە 40 دۆلار هەیە بۆ هەر بەرمیلێک بۆ بەردەوام بوون و پاراستنى ئاستى بەرهەمهێنان.

 

نوسەرەکە دەڵێت، ترەمپ تا ئێستاش یارییەکى زیرەکانە دەکات، کشانەوەى موشەکى پاتریۆت ماناى نەمانى هەڕەشەى ئێران نییە، بەڵکو نەمانى پشتیوانى سیاسییە بۆ سعودیە لەریزى ئەندامانى کۆمارى ئەنجومەنى پیراندا.

 

لەکۆتاییدا ئاماژەى بە سێ هۆکار کردووە کە واى لە سعودیە کردووە پابەندبێت بە کەمکردنەوەى پشکى خۆى لە رێککەوتنى بەرهەمهێنانى نەوت، کە یەکەمیان تایبەتە بەوەى ریاز ناچاربووە ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر بۆ پشتیوانى نرخى نەوت، دووەم پاشەکشەى ئەمریکا رەنگە ببێتە هۆى هاندان و بەهێزبوونى ئێران، سێیەم هەر کێشەیەکى سیاسی بۆ ترەمپ رەنگە ببێتە هۆى بردنەوەى دیموکراتەکان کە دەیانەوێت ئەو کەسانە سزا بدەن کە پێشێلکارى مافى مرۆڤیان کردووە لە سعودیە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی بکەنەوە.