گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجامەکەى چییە؟

کۆمپانیایەکی ئەمریکی مژدەیەک لەبارەى ڤاکسینێکی دژە کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت

2020.05.18 - 21:45
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمپانیایەکی ئەمریکی مژدەیەک لەبارەى ڤاکسینێکی دژە کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-

کۆمپانیایەکی ئەمریکی تایبەت بە دروستکردنی ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەواڵێکی مژدەبەخشى بڵاوکردەوە و ڕیاگەیاند، ئەو کەسانەی کە لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکدا پێکوتەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە بەرگری لەشیان دژ بە پەتاکە کارا بووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

"ئەنجامى ئەرێنى"

کۆمپانیای "مۆدێرنا"ی ئەمریکی کە یەکێکە لەو کۆمپانیانەی لە ئێستادا شان بە شانی کۆمپانیاکانی دیکەی جیهان سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینن دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند، "تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا لە قۆناغی یەکەمدا ئەنجامەکەی ئەرێنی بووە".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ هەشت کەس ئەنجام دراوە، پاش پێدانی پێکوتەکە پێیان، ئەنجامەکەی ئەرێنی بووە و بەرگری لەشی هەموویان کارا بووە بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە.

 

تال زاکس، بەڕێوەبەری پزیشکی کۆمپانیای "مۆدیرنا" لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "ئاماژەکانی قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینی (MRNA 1273) ئەوەی دەرخستووە کە وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری لەشی ئەو کەسانەی ڤاکسینەکەیان پێدراوە ئەرێنی بووە".

 

کۆمپانیای مۆدیرنا کۆمپانیایەکی ئەمریکی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی دەرمان و ڤاکسین، لە ئێستادا لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و بەبڕی نیو ملیار دۆلار پاڵپشتی کراوە لە پێناو گەیشتن بە دۆزینەوەی پێکوتەیەک دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

دواى قۆناغى تاقیکردنەوەکە

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کۆمپانیایە لە قۆناغی یەکەمدا ڤاکسینەکەی لەسەر 15 کەس بە سێ قۆناغ  تاقیکردوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکە دەست پێبکات ئەوەش  لەسەر ژمارەیەکی زۆرتر لە کەسانی خۆبەخش. 

 

کۆمپانیا ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێش هاتنی مانگی تەموزی داهاتوو قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەی تەختی  ڤاکسینەکە ئەنجام دەدن کە ئەوەش دوا قۆناغە و مەبەست لێی دڵنیابوونی تەواوەتییە لە کارابوونی ڤاکسینەکە لە بنبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

ستیڤان پانسیل، بەڕێوەبەری کۆمانیای مۆدێرنا لە بارەی ڤاکسینەکەوە دەڵێت، "لە ئێستادا تیمی مۆدێرنا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ قۆناغی سێیەم لە تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکە کە بڕیارە لە مانگی تەموزی داهاتوودا بکرێت کە ڕێکارێکی زیاتر دڵنیایی بەخشە".

 

ئامارى کۆرۆنا لە ئەمریکا و جیهان

لە ئێستادا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا یەک ملیۆن و نیوی تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 91 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

یەکەمین کەیسی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا لە 15ی کانوونی دووەمی 2020 تۆمارکراوە، ئێستا لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا تووشبووی کۆرۆنا هەن و زۆرترین تووشبووش لە ویلایەتی نیویۆرکن.

 

لە ڕووی تووشبوون بە کۆرۆنا ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمدایە و لەدوای ئەمریکاش هەریەک لە ئیسپانیا و ڕوسیا لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.

 

لەسەر ئاستی جیهانیش خەریکە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە نزیک دەبێتەوە لە پێنج ملیۆن کەس، زیاتر  313 هەزار کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.