ناس کورد- شەهرام عەزیز
ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان دەکەوێتە دوای جەژنی ڕەمەزان و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێت، دوای جەژن شاندەکە دەچنەوە بەغدا، دەشڵێت، ئەنجامی دڵخۆشكەر هەیە و هەوڵدەدەن دوای جەژن بەزووترین کات ڕێککەوتنی کۆتایی واژوو بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهۆی کۆتایی هاتنی کارەکانی کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق و دەستبەکاربوونی کابینەکەی کازمی، هەندێک دواکەوتن لە گفتوگۆکانی هەردوولا دروست بوو، بۆیە ڕیککەوتنی کۆتایی دواکەوت".
وتیشی، ئەو دوو لیژنەیەی لەنێوان هەردوولا پێکهێندرا زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە و لە کارەکانیان بەردەوامن و ئەنجامی دڵخۆشکەر هەن لە گفتوگۆکاندا و هەردوولا نزیکن لە ڕێککەوتن.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، شاندەکە جارێ ناچنەوە بەغدا و دوای جەژن دەچنەوە و دەست بە گفتوگۆ دەکەنەوە.
سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن لەدوای جەژن، فارس عیسا ئاماژەی بەهیچ کاتێکی دیاریکراو نەکرد و جەختیکردەوە: "ناتوانم کاتێک دیاری بکەم، بەڵام گفتوگۆکان زۆر بەرەوپێش چوون و هەردوولا ئامادەی ڕێککەوتنن و بۆچوونەکانیش نزیکن لەیەکتر، هەوڵدەدەین لەدوای جەژن بەزووترین کات بگەینە ڕێککەوتن".
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە نەوت و بودجە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.