گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراقيەكان توڕەن.. كازمى لەژێر چاكەتەكەى حەشدى شەعبى چى شاردوەتەوە؟

2020.05.17 - 23:52
App store icon Play store icon Play store icon
عێراقيەكان توڕەن.. كازمى لەژێر چاكەتەكەى حەشدى شەعبى چى شاردوەتەوە؟

ناس کورد- 

بە لەبەركردنى چاكەتێكى حەشدى شەعبى، مستەفا كازمى سەرۆك وەزيرانى عێراق قسەو باسێكى زۆرى لە شەقامى عێراقيدا دروست كرد، ئايا ئەوەى كردى نامەيەك بوو بۆ پشتگيرىكردنى حەشدى شەعبى كە تێوەگلاون لە كوشتنى خۆپيشاندەران؟ ياخود تەكتيكێكە بۆ گرتنى دارەكە لە ناوەڕاستدا؟.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

چاودێران دەڵێن، عێڕاقيەكان پێشبينى ئەوە دەكەن ياخود هيوايان وايە كازمى هەڵوێستێكى توندتر لەو مەلەفەدا پيشان بدات نەك دەست بخاتە سەر سنگى لەبەردەم جێگرەوەى ئەبو مەهدى موهەنديس و سەركردەى ميليشياكانى حزبوڵڵا كە كازمى بەوە تۆمەتبار دەكرد دەستى هەيە لە كوشتنى موهەنديس و قاسم سولەيمانى.

 

ئەو وێنەيەى لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بە بەهێزى بڵاوبونەوە مستەفا كازمى و ئەبو فدك (عەبدولعەزيز محەمەداوى) وەك بەڵگەيەك بۆ چۆكدادانى كازمى بۆ حەشدى شەعبى سەير دەكرێت، ياخود هەوڵێك بۆ ئاشتبونەوە لەگەڵيان.

خۆپيشاندەرانى توڕە

چالاكوانانى عێراق دەڵێن، كۆبونەوەى كازمى و سەركردەى ميليشياكان كە گروپەكانى حەشدى شەعبى و نوێنەرانى مەرجەعى ئايينى شيعە تێيدا ئامادەبون، كۆبونەوەيە لەگەڵ لايەنى سێيەم كە تۆمەتبارە بە كوشتنى خۆپيشاندەران.

 

حسێن محەمەد چاكوانێكى ناو خۆپيشاندەران دەڵێت، شتێكى سەيرە كازمى لەگەڵ بكوژى خۆپيشاندەران كۆببێتەوە و بەڵێنى گەڕانەوەى مافەكانيان و بەرگريكردن لێيان بدات، بەتايبەتى كەهەموان دەزانن چۆن ميليشياكان تێوەگلاون لە سەركوتكردنى خۆپيشاندەران لە سەردەمى دەسەڵاتى عادل عەبدولمەهدى.

 

ئەو چالاكوانە پێشى وايە، باشتربوو كازمى چاوى بەو شەڕكەرانە بكەوتايە كە لە ساترەكاندان لەبرى بەرپرسان لە كوشتنى زياتر لە 800 كەس لە خۆپيشاندەران و برينداركردنى 20 هەزار كەس و گرتن و ڕفاندنى چەندان كەسى تر.

 

لاى خۆيانەوە پشتگیریکارانى ئەو ميليشيايانە پێيان وايە، كۆبونەوەكە سەركەوتنە بۆ ئەو ئەجێندايانەى كە پێيان وايە ميليشياكان بەشێكى دانەبڕاوەن لە حەشدى شەعبى، بۆيە هيچ هەوڵێك بۆ داماڵينى چەك لە بەرنامەى سەرۆكوەزيراندا نييە.

مستەفا ناسر ڕۆژنامەنوسى عێراقى دەڵێت، لە كۆبونەوەکەدا قوڵبونەوەى كێشەكانى ناو دەستەى حەشدى شەعبى دەبينرا، لەنێوان حەشدى شەعبى سەر بە سيستانى و گروپە ميليشياكان كە لەناو حەشدا باڵا دەستن.

 

ياريكردن لەسەر ناكۆكيەكان

سنان ئيسماعيل چاودێرى كاروبارى گروپە چەكداريەكانى عێراق دەڵێت، ناكۆكيەكانى ناو حەشدى شەعبى ڕاستين بەتايبەتى لەماوەى ڕابردودا ئەوەش دواى ئەوەى ليواكانى سەربە مەرجەعيەت لە دەستەى حەشدى شەعبى جيابونەوە.

 

سنان ئيسماعيل ئەوەشى بە پێگەى "الحرة" وتوە هەوڵى سەركردەكانى حەشد وەك هادى عامرى بۆ كۆتايى هێنان بە ناكۆكيەكان سەركەوتوو نەبوو تەنانەت دواى كۆبونەوەى ناوبراو لەگەڵ بریکارى عەلى سيستانى مەرجەعى باڵا كە هەوڵدان بوو بۆ گەڕانەوەى ئەو ليوايانەى سەربە مەرجەعيەت بۆ ناو دەستەكە و گەڕانەوەى ئەو شەرعيەتەى كە ئەو ليوايانە دابويان بە تەواوى حەشد لەناويشياندا ئەوانەى كە سەربە كۆمارى ئيسلامى ئێرانن.

 

باسى لەوەشكرد، ئەو وێنەيەى سەركردەكانى ميلشياكان پيشانى دەدەن سەركردەكانى ليواكانى سەربە مەرجەعيەتيش پيشانى دەدەن، ئەوەش هێزێكى گەورەيە بۆ ئەو ليوايانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەى هەژمونى ميليشياكان.

 

بەپێى زانياريەكانى سەرچاوەيەكى ئاگادار، كێشەكانى نێوان هەردولا بەشێوەيەكى گەورە گفتوگۆى لەسەر نەكراوە لە كۆبونەوەى سەرۆكوەزيران و دەستەى حەشدى شەعبى، كازمى جەختى لەوە كردوەتەوە كە يەكگرتويى حەشد پێويستە بڕيارێكى عێراقى بێت و كار بۆ خزمەتى عێراق بكات.

بەپێى سەرچاوە ئاگادارەكان، هەروەها داماڵينى گروپە ميليشياکان لە چەك گفتوگۆى لەسەر نەكراوە لە كۆبونەوەكە وە باسى تێكەڵكردنەوەيان بەتەواوەتى لەنێو دەستەى حەشدى شەعبى نەكراوە.

 

حەسەن وەزان ڕۆژنامەنوسى عێراقى دەڵێت، سەرۆكوەزيران بەڵێنى ئەوەى داوە چەك تەنها لەدەستى دەوڵەتدا بێت ئەوەش دەتوانێت بە چەندين ڕێگە بهێنرێتە دى، ئەگەر ميليشياكان لەگەڵ حەشدى شەعبى تێكەڵ كران، ئەوەش "ئەگەر بە تيۆريش بێت" هێشتنەوەى چەكە بەدەستى دەوڵەتەوە.

 

ئەو ڕۆژنامەنوسە پێشى وايە، لە بابەتێكى هەستيارى وەك چەكى ميليشياكان دانايى ئەوەيە كە قۆناغ بە قۆناغ كارى لەسەر بكرێت و بەشێوەيەكى ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ ئەنجام نەدرێت، حەشدى مەرجەعيەت كارتێكى گرنگە بەدەست سەرۆكوەزيرانەوە بەرامبەر ميليشياكان و بەهێزكردنى هێزى حەشد لە هێزى ميليشياكان دەبات بەشێوەيەكى گەورە، ئەوەش واى لەو ميليشيايانە دەكات زياتر پابەندى بڕيارە فەرميەكان ببن.